کێ ماڵی پێدرۆ پارامۆ دەزانێت؟

ئاسۆ سەڵاح | (١٩٩٠ - )

ئاسۆ سەڵاح | (١٩٩٠ - )

September 1, 2024

 ئاسۆ سەڵاح ساڵی ١٩٩٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بەشی کۆمپیوتەری خوێندوە و ئێستا لە شاری سلێمانی دەژیێت. نزیکەی حەوت ساڵە شیعر دەنووسێت. لە زۆرینەی ماڵپەڕەکاندا شیعری بڵاو بۆتەوە، ئەمە نوێترین شیعری ئاسۆیە. خوێنەری بن.

 

 

 

 

 

کێ ماڵی پێدرۆ پارامۆ دەزانێت؟
ئاسۆ سەڵاح

 

 

 

بێدەنگیم لە گیرفانی چەپم ناوە و دەڕۆم
ڕووەو حەسارەکانی ئەبەدیەت، بە ڕێگا لاقشکاوەکاندا ڕێ دەکەم
بەپاڵ شوانێکی لەنگدا، کە نیگام دەچەقێتە کاسەسەری داڵغەبردووی
بە ئێسکەپەیکەری درزبردووی شارەکانی سەرەڕێدا دەگوزەرێم
بەناو زریکەی خەفەبووی ئاواییە لاڵەکاندا تێدەپەڕم

بێدەنگیم لە گیرفانی چەپم ناوە و بۆ کوخێک دەگەڕێم
لە ساتی ونبوودا بۆ سێبەری لەمێژینەم دەگەڕێم
کێ ماڵی پێدرۆ پارامۆ دەزانێت؟
بڵێی هێشتا لەگەڵ دایکە پیرەکەیدا زیندووبن!
ئاهـ پارامۆی ئازیزم، دڵتەنگیمم هێناوە بۆت

ئەی ئەو وەهمەی کە پێتوایە هەوری گومانم لە ئاسمانی تۆدا دەگیرسێت
ئەی قوربانی زاوی زەمینێکی قڵیشاو و زەمەنێکی بێبەها
ئەی پارامۆی گچکە، ئەی بێ ڕوئیا، ئەی بێ بوعد، ئەی کورتنیاز
دەزانم بەرگەی قـەلـیـقــتـریـن شیعرم ناگریت و هەر زوو دەمریت
وەک ئەوکاتەی کە گۆڕەکەی باوکــت ون کـرد و مـردیـت.