دوای ئاوابوون

خەبات عارف/شاعیر و وەرگێڕی کورد

October 28, 2020

خەبات عارف ناوێکی دیاری نێو ئەدەبیاتی کوردییە. ساڵی ١٩٥٩ لە سلێمانی لە دایک بووە و ساڵانێکیشە لە سوێد دەژی. لە سوێدییەوە وەردەگێڕێت و لە بواری شیعردا “ئێوارستان”ـەکەی پییەر لاگەرکڤیست و “گوێ بگرە پیاوی بچووک”ـەکەی ویلهێلم ڕایش بە وەرگێڕانی ئەو بەناوبانگن. هەروەها شیعرەکانی سوێدەرگرانی کردوون بە کوردی و لەژێر چاپە. خەبات عارف خۆیشی شاعیرە و لە نێوەڕاستی حەفتاکانەوە دەنووسێت. “سەوزێکی کاڵ بوو دەباری” ناوی کۆشیعرەکەی ئەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

دوای ئاوابوون
خەبات عارف

 

لە خۆم جوانتریت و
کە جوانیت،
کە دێیت و لەپشتەوە باوەش بە سەرمدا دەکەیت و دەینێیتە سەر سنگت،
چارەنووسی من وا و وا بووم و وا لە نێوچاوانم هەڵکەنرابوو کە هەموو شتەکان لەپێشەوە ببینم؛ هەڵکشانی خۆم لە خۆم و داکشانی ئەو مانگەی کە سەر لە ئێوارە لێم دیار بوو کە دوای ئاوابوون ئیتر ناگەڕێتەوە،
هەڵچوونی خۆمیش، بەرەو خۆرێک کە دەمێک نابینای دەکردم و دەمنادەمێک،
لێوانلێوی دەکردم لە نامۆبوونی بینایی و شەوانم گوڵ و
چاوم پڕ لە گوڵی ئازار بوون، بۆ ژیانێک کە بووبوو بە جوانترین خۆشەویستم و
بۆ جیهانێکی قێزەونیش کە وەک شامار ژیانمی دەسووت و
خۆمی لەسەر خۆڵەکۆی هەبوونەوە دەکردەوە بە باڵئاگرینێکی ناوازەی فڕیو،
بەرەو بووڵێڵێک کە لە ئاوابوونی خۆیدا دەیکردم بە کازیوەی هەستانەوە و
هەستاو بەس بە ڕووی خۆمدا تا ببینم،
نە من ئەوەم لەپشتەوە باوەش بە ژیاندا بکەم و نە ژیان ئەوەیە،
بمنێتە سەر سنگی خۆی و نە تۆش،
دەتوانیت چارەنووسی من وا بیبینت و
من وا ببینیت کە لە نێوچاوانم هەڵکەنراوە،
هەڵکشان و داشکانی ئەو مانگەیش کە سەر لە ئێوارە لێم دیار بوو دوای ئاوابوون ناگەڕێتەوە و هەڵچوونی خۆمیش کە هیچ و
خۆرێکە و
دەمێک نابینا لەنێو تۆدا دەبێت بە بینایی و
دەمنادەمێکیش،
لێوانلێوم دەکات لە باوەشێکی پڕ لە تۆ نامۆبوون و بیرت نەچێت،
بیناییم تۆیت و
تۆ شەوانی گوڵمی کە لە پشتەوە دێیت و
باوەش بە سەرمدا دەکەیت،
دەینێیتە سەر سنگت و دەڵێیت:
”خۆشم دەوێیت وەک ئەوەی کە قەت سەری هیچ کەسم لە سەری تۆ خۆشتر نەویستووە!”
سەرت ئیتر دەبێت بە من و خۆت بە خۆم و
بە خۆم دەڵێم: ”مەگەر چارەنووسی تۆ وا نەبوو گوڵ گوڵ،
مەگەر لە نێوچاوانی تۆ وا هەڵنەکەنرابوو خۆت بیت و
لە بینینی خۆتدا، خۆت بچێنیت و ئەوانیش،
لە خۆت جوانتر ببینیت!”

 

2020/7/22

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار