لە ترسی من

خەبات عارف/شاعیر و وەرگێڕی کورد

May 11, 2021

خەبات عارف ناوێکی دیاری نێو ئەدەبیاتی کوردییە. ساڵی ١٩٥٩ لە سلێمانی لە دایک بووە و ساڵانێکیشە لە سوێد دەژی. لە سوێدییەوە وەردەگێڕێت و لە بواری شیعردا “ئێوارستان”ـەکەی پییەر لاگەرکڤیست و “گوێ بگرە پیاوی بچووک”ـەکەی ویلهێلم ڕایش بە وەرگێڕانی ئەو بەناوبانگن. هەروەها شیعرەکانی سوێدەرگرانی کردوون بە کوردی. خەبات عارف خۆیشی شاعیرە و لە نێوەڕاستی حەفتاکانەوە دەنووسێت. “سەوزێکی کاڵ بوو دەباری” ناوی کۆشیعرەکەی ئەوە. لەم شیعرەیدا سەرنج دەخاتە سەر ترسێک کە لە نێوان مرۆڤ و گوڵەکانی نێو ماڵەکەیدایە. لێرەدا ترس و ژیان و ڕەوتی تەمەن ئاوێتە بوون.  – ماڵپەڕی باڵندە

 

لە ترسی من
خەبات عارف

 

 

ئەمانیش
چارەی تەنیایییان
ناوێت؛
گوڵەکانی
ماڵەکەم
نامۆبوونیش،
دەمێکە چاوی
کێمیان
کردووە و
خوێنی
لێ،
دەچۆڕێت
لە ماڵەکەدا
یەک،
دوو شەو
دەمێننەوە و
پاشان
بە لادا
دێن،
ڕەنگە دڵیان
بتۆقێن
یا،
لە ترسی
من،
منیش دەبوو
دەمێک با
هەر حەوت ڕۆحەکەم
بە لادا هاتبان،
لە کۆڵانە ڕەشەکانی
نامۆییدا،
لە ترسی ژیان نا
بەڵام!

 

 

٦/٥/٢٠٢١

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار