سندی ڕێشاخ ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. ئێستاش هەر لە هەولێر دەژیێت. شاعیر و چیرۆکنووس و فۆتۆگرافەرە. خاوەنی ٣ کتێبە و یەکێک لە کتێبەکانی کۆمەڵە شیعرێکە بە ناوی برین لە پێستی گایەکی ئیسپانیدا.
لاولاو
سندی ڕێشاخ
بە کۆکەکۆک لەخەو ڕادەبم
دەبینم لە وێنە هەڵواسراوەکەت
باڵندەکان لە تۆدا هەڵدەفڕن
کە بە ئاگری نۆستالۆژیا جغارەیەک دادەگیرسێنم
دێن لەسەر شانم هەڵدەنیشن
مانگ لەسەر پەنجەرەکە خۆی دەنوێنێ و
با دارکاژە چڕەکان دەهەژێنێ
دێتەوە یادم کە قۆڵمت دەگرتە باوەش
وەک ڕووەکی لاولاو
لەسەر سەرینەکەم وێنەی دوو چۆڵەکە هەیە
حەزناکەم ببینن
کە ئەمشەویش ڕووخسارم گەلەریی خەمانە و
داڕزاو لەنێو کراس و بیجامەیەکی شین
دەمەوێ بگریم
مانگ لەسەر پەنجەرەکە خۆی دەنوێنێ و
هەزاران ستران لە گیرفانم
هەزاران ئاوازی ساز لەنێو لەپەکانم
باڵندەکان لە تۆدا هەڵدەفڕن و
کە بە ئاگری نۆستالۆژیا جغارەیەک دادەگیرسێنم
دێن لە ڕۆحمدا جێگیر دەبن
لەسەر سەرینەکەم وێنەی دوو چۆڵەکە هەیە
دەبینن ئەمشەویش ڕوخسارم گەلەریی خەمانە و
داڕزاو لەنێو کراس و بیجامەیەکی شین
خەریکم فرمێسکم دەسڕم