لاوک ئەبوبەکر، ساڵی ١٩٩٧ لە سلێمانی لە دایکبووە. وەک ئەکتەر لە سێ نمایشی شانۆییدا بەشداریی کردووە و لە نمایشێکیشدا یاریدەدەری دەرهێنەر بووە. پێشتر سێ شیعری چێ گیڤارا، مەیس ئەلریم قەرفوول و عیسام ئەلتەکروریی لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردی و لە ماڵپەڕی باڵندەدا بڵاو بوونەتەوە. ئەمەش دەبێتە یەکەمین شیعری لاوک کە بڵاو دەبێتەوە.
لەرز
لاوک ئەبوبەکر
سێیەم جار کە لەرزم لێ هات
دەستێک لای چەپی شانی گرتم و
هەناسەیەکی دا؛
بە تۆنی ئەو شەققەیەی شەو لە ستارەی
ئاسمانی هەڵساند…
“لێواری ژیان ئەو کەناراوانەی خوارەوەن
کە لێیان نەهاتیتەوە و نەتزانی بۆیان
ئەم لەرزە دات دەگرێت.”
چەنەم جارمە؟
داپیرەکان ژیانیان لە بەر بوو
من بووم نەمزانی ئەوان بە لەرزەوە
دەراخی ئەو کەناراوانە بوون یان نا،
وەک قووڵایی چاوەکانی من
سەراب لە بیابانیاندا گەش بوو…
پەڕەسێلکەیەک چاوەڕوانمە
ئەم تیکەیەم بۆ قووت ناچێت و
شەققەی باڵی ئەویش
لە دووکەرتبوونی ئەو ساڵەی شەو دەچێت
لە ئاسمانی ڕووناکمدا…
ئەم جارەم بۆ ناژمێردرێت…
لەرز زمانی تەورە
لەرز ڕۆحی بەورە
لەرز هەناسەی جەورە
لەرز شەوە
لەرز سەرلەئێوارەی پێش شەوە
لەرز عەسری بەر سەرلەئێوارەی پێش شەوە
لەرز نیوەڕۆیە
لەرز هەڵخڵەفانی بەیانییە، خلیسکانی شەوە
لەرز هیی گیانی منە
شەو لەرزی منە
منداڵەکان هیچیان لە بارەی ژیانەوە نەدەزانی
وەک من کە لە شەو هاتبوومەوە و
دەمویست لە بارەی کەناراوەکانەوە
لەرزیان لێ هەڵبستێنم،
پێیان بڵێم
ژماردنیان لە بیر نەچێت…
چەنەم جار کە لەرزم لێ هات
شەو شەقی نەبردبوو
من لە ڕوخساری ئەو کچۆڵەیەم دەڕوانی
کە بە چاوەکانی
مژدەی بەبیابانبوونی زەویی دەگرماند
دەمڕوانی و تێڕادەمام
هێشتا پەڕەسێلکەیەک چاوەڕوانم نەبوو
ڕۆژ ترۆپکی ژیان بوو
گرنگ نەبوو کەی ئەم کەلێنە لەم ستارەیەدا
نەخشی تەور بە پەنجەی بەور بە بیری جەور
دەکێشێ…
لەم کەلێنەوە دەستەکانت شۆڕکەوە
خوای من…
شەو لەرزی لەم منەت و
شەققەی لەو ئاسمانەت هەڵایساند…
دەستەکانت شۆڕکەوە، پەنجەکانمت با بەرکەوێ
خوای من…
کەناراوەکان سەرابەکە بوون،
دەستەکانت لەم کەلێنەوە شۆڕکەوە
بە پەنجەکانم لەرزەکانم بژمێرە،
دەرەقەتی ئەم تاریکییە بێ،
بەم بۆشاییە ڕەشەدا هەڵچۆ،
ئەم بێدەنگییە بشکێنە،
خوای من…
لەرزمە، شەومە.