حسێن لەتیف | (١٩٧٤ - )
May 3, 2025
حسەین لەتیف شاعیر و نووسەر، لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستی بە نووسین کردووە. خاوەنی دوو کتیبی شیعر و سێ کتێبە لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا. چوار جار لە فێستیڤاڵی گەڵاوێژ لە بوارەکانی شیعر و لێکۆڵینەوەدا خەڵاتی بردۆتەوە. هەندێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی.
حسێن لەتیف
بەشی پیاسەیەکم ناکەن،
شەقامەکانی ئەم شارە.
جێگای ڕوانینێکم ناکەنەوە،
باخچەکانی ئەم شارە.
تینوێتیی ڕۆژێکم ناشکێنن،
ڕووبارەکانی ئەم شارە.
بەشی هەناسەیەکم ناکەن،
شنەبای بەیانیانی ئەم شارە.
پێیەکانم ئەگوشن،
شەقامەکانی ئەم شارە.
ڕوانینم زیندانی ئەکەن،
باخچەکانی ئەم شارە.
لە مێژە دەمخنکێنن ،
هەوای ژەهراوی ئەم شارە.
ئەو غەریبە،
بە شەقام و بە هەناسە و ڕوانینی من.
غەریبم من،
بە شۆستە و شەقام و
ڕووبار و باخچەی ئەو.
ئەم شۆستە و شەقام و ڕووبار و باخچانە هی من نین،
هی خاوەن شمشێرەکانی بەرپشتوێنی مێژوون،
ئەوانەی لە گوڵ و گۆرانی و باڵندە ترساون.
ئەم شارنشینانە هاوشاریی من نین،
گوێی من بۆ گۆرانیەکانیان نابێت .
شاری من،
شەقامی من،
باخچە و ڕووبار و ئاسمانی من،
لەم ئەتڵەسە بێرەنگەیا نین.
گوڵەکانی ئەم باخچانە بێ ڕەونەقن.
ڕووبارەکانی ئەم شارە بێ مروەتن.
بەیانییەکانی ئەم شارە چەند لێڵن!
ئێوارەکانی چەند خەیاڵکوژن!
ئەستێرەکانی چەند تاریکن!
چەند قورسە ئاسمانی ئەم شارە
بەسەرشانی خەیاڵمەوە!
من بیر لە پیاسەی بەیانییەکی ڕۆشن دەکەمەوە،
ئەندێشەی شەقامێک،
تا ئەو سەری خەیاڵ قاچەکانم ببات .
ئەم شارە ماڵی من نییە.
ماڵی من لە دەرەوی ئەم شارەیە،
ماڵی من لە شاری خەیاڵە،
شاری خەیاڵە ماڵی من.