خوشکوبرایەتی

میل ستۆژیچ/شاعیری بۆسنی

November 7, 2018

 

 

میل ستۆژیچ Mile Stojić، شاعیری بۆسنی و لەدایکبووی ٢٤ـی فێبریوەریی ساڵی ١٩٥٥ـە. خاوەنی بڕوانامەی ئەدەبی یۆگسلافییە لە زانکۆی سەرایڤۆ، کە هەر لەو شارەش نیشتەجێیە و درێژە بە کاری ئەدەبیی خۆی دەدات. یەکەمین کۆشیعری لەژێر ناوی (لیلیان، زمانی دارستان) لە ساڵی ١٩٧٧دا بڵاو کردووەتەوە. شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراون. لە ساڵی ٢٠٠٩دا خەڵاتی یەکێتیی نووسەرانی بۆسنیایی پێ بەخشراوە بۆ کۆشێعرێکی بە ناونیشانی: ئاوێتە لەگەڵ پێکدادانی خەڵکدا. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

خوشکوبرایەتی
میل ستۆژیچ
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

 

 

ئەگەر من جارێکی تر لە دایک ببمەوە و

توانای هەڵبژاردنم هەبێت،

ئەوا ئەو زمان و کارەی ئێستام هەڵنەدەبژارد.

 

تەنانەت ئەو هێما و باوەڕەش هەڵنابژێرم کە بێهیوایە

جارێکی تر قبووڵی ناکەم، جەللاد فێری دادپەروەریم بکات.

 

ئەو کاتە هەڵنابژێرم

یان ئەو وڵاتەش هەڵنابژێرم،

 کە جێی خەمڕەوێنی و هۆگری تێدا نابێتەوە

یان ئەو برایانەی منیان فرۆشت

 نەخێر، ئەو خەڵکەی کوڕانی

 خۆیان کردە قوربانیی مەڕێکی زێڕین.

 

من دەمەوێ ناوی خۆم ون بکەم و

بۆ جارێکی تر تەنیا تۆ هەڵدەبژێرمەوە،

کە هەموو ڕۆژێک هەزارەها جار

بە نیگایەکی ڕۆشنی دڵسۆزانەوە بەری دەکەوم.

 

 

 


سەرچاوە: ئەنتۆلۆژیای شیعری هاوچەرخی بۆسنە و هیرزۆگیڤینیا بە زمانی دانیمارکی ٢٠١٨.