بە دیار تەماشای ئاسمانەوە

نەجوان دەرویش/شاعیری فەلەستینی

April 7, 2018

نەجوان دەرویش، لە ٨ـی دیسەمبەری ساڵی ١٩٧٩ـدا لە قودس-فەلەستین لە دایک بووە. شاعیر، ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووسە. سەرۆکی بەشی ڕۆشنبیریی ڕۆژنامەی عەرەبیی الجدیدی لەندەنییە. چەندین خەڵاتی ئەدەبیی هەیە، لەوانە خەڵاتی بەیرووت. پێنج کتێبی هەیە و یەکەمین کتێبی لە ساڵی ١٩٩٩ـدا چاپ و بڵاو کردووەتەوە. شیعرەکانی بۆ چەندین زمان، لەوانە ئینگلیزی و ئیسپانی، وەرگێڕدراون. ماڵپه‌ڕی باڵندە

 

 

بە دیار تەماشای ئاسمانەوە
نەجوان دەرویش
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بڕیار محەمەد تاهیر

 

پەردەکە لا بدەیت و سەیری ئاسمان بکەیت
سەرلقی درەختەکان ببینیت کە چێژ لە یاری لەگەڵ شەماڵدا دەبینن
وای دابنێیت لە ڕۆمانێکەوە هاتوویت، یان لە پارچەئاوازێکەوە کە کۆرس تێکی داوە.

 

جێخەوێکی خۆش هەموو ئاسمان دێنێت
لەخەوهەستانێکی ئازاد ساڵێکی ژیان دێنێت

 

ئینجا لە ژووری هۆتێلێکی بەرزەوە سەیری سەقفەکان و سەحنی سەتەلایتەکان و سەرلقی درەختەکان بکەیت

بە خۆت بڵێیت: لەنگانەوەی سەرلقی درەختەکان لە نێوان ئەم باڵەخانە کۆنکرێتییانەدا مانای چییە؟
سەرەڕای ئەوەی سەرلقی درەختەکان تاکەدڵخۆشیی بچووک و تاکە دڵنەواییی بچووکە
کە بۆت مابێتەوە
بڕۆ بەرەو نیوەڕۆ- کە خۆت ناوت ناوە بەیانی، ئەی نێوەڕۆخەوکەر-
ژیان چاوەڕێتە.