وتە: کردە

ئۆکتاڤیۆ پاز

ئۆکتاڤیۆ پاز/ شاعیری مەکسیک

February 14, 2022

 

ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ٣١ـی مارسی ١٩١٤ لە مەکسیکۆسیتی-مەکسیک لە دایک بووە، ١٩ـی ئەپڕێڵی ١٩٩٨ بە شێرپەنجە لە هەمان شوێن کۆچی دواییی کردووە. ئەو شاعیر، نووسەر، دیپلۆمات و ڕەخنەگرێکی مەکسیکی بوو. پاز بە ئابڕووی شیعری جیهان ناسراوە. لە حەڤدەساڵیدا دەستی بە نووسین کرد. لە ساڵی ١٩٦٢ـدا بوو بە باڵیۆزی مەکسیک لە هیند و چوو بۆ ئەوێ. لە ساڵی ١٩٦٨ـدا وەک هەڵوێستێک لە هەمبەر سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندانی ئارامی خوێندکاران لە مەکسیک، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و ئیتر تا کۆتایییەکانی ژیانی، وەک سەرنووسەر و چاپەری چەند گۆڤارێکی تایبەت بە هونەر و سیاسەت مایەوە. ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ساڵی ١٩٨٠ـدا لە لایەن زانکۆی هارڤاردەوە دوکتۆرای شانازیی پێ بەخشرا و لە ساڵی ١٩٨١ـدا خەڵاتی سێرڤانتسی بردەوە. سەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٠ـدا ئەکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێل، لە هەمبەر نیو سەدە تێکۆشان لە بواری شیعر و ئەدەبیاتی مەکسیکدا، خەڵاتی نۆبێلی پێ بەخشی. ئەو لە سوید گوتارێکی گرنگی بە ناوی «لە گەڕان بە دوای هەنووکە»ـدا خوێندەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

وتە: کردە
ئۆکتاڤیۆ پاز
وەرگێڕانی ڕێبوار قاسم

 

 

بۆ رۆمان یاکوبسن

 

«١»
لەنێوان ئەوەی دەیبینم و ئەوەی دەیڵێم،
لەنێوان ئەوەی دەیڵێم و ئەوەی بە بێدەنگی دەیهێڵمەوە،
لەنێوان ئەوەی بە بێدەنگی دەیهێڵمەوە و ئەوەی بە خەو دەیبینم،
لەنێوان ئەوەی بە خەو دەیبینم و ئەوەی لەبیرم دەچێت:
شیعر.
شیعر لە نێوان «ئا» و «نا»دا دەخزێت،
ئەوە دەڵێت کە من بە بێدەنگی دەیهێڵمەوە،
ئەوە بە بێدەنگی دەهێڵێتەوە کە من دەیڵێم،
ئەوە بە خەو دەبینێت کە من لەبیرم دەچێت.
شیعر وتە نییە،
کردەیە.
شیعر کردەیەکە کە وتەیە.
شیعر دەدوێت و گوێدەگرێت:
راستەقینەیە و هەرکە وادەڵێم دیارنامێنێت.
تۆ بڵێی چیتر راستەقینە بێت، شیعر؟

 

 

«٢»
ئایدیا بەرهەستەکان
وشە دەرهەستەکان:
شیعر لەنێوان هەبوو و نەبوودا دێ و دەڕوا.
بیرکردنەوەکان تێکدەچنێت و هەڵیاندەوەشێنێتەوە.
شیعر چاو لەسەر لاپەڕەکە و
وشەکان لەسەر چاو پەرش دەکات.
چاوەکان دەدوێن،
وشەکان نیگا دەکەن،
نیگا بیر دەکاتەوە.
بیستنی بیرکردنەوەکان،
بینینی ئەوەی دەیڵێین،
لەمسی جەستەی ئایدیایەک.
چاوەکان دادەخرێن،
وشەکان دەکرێنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار