ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ٣١ـی مارسی ١٩١٤ لە مەکسیکۆسیتی-مەکسیک لە دایک بووە، ١٩ـی ئەپڕێڵی ١٩٩٨ بە شێرپەنجە لە هەمان شوێن کۆچی دواییی کردووە. ئەو شاعیر، نووسەر، دیپلۆمات و ڕەخنەگرێکی مەکسیکی بوو. پاز بە ئابڕووی شیعری جیهان ناسراوە. لە حەڤدەساڵیدا دەستی بە نووسین کرد. لە ساڵی ١٩٦٢ـدا بوو بە باڵیۆزی مەکسیک لە هیند و چوو بۆ ئەوێ. لە ساڵی ١٩٦٨ـدا وەک هەڵوێستێک لە هەمبەر سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندانی ئارامی خوێندکاران لە مەکسیک، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و ئیتر تا کۆتایییەکانی ژیانی، وەک سەرنووسەر و چاپەری چەند گۆڤارێکی تایبەت بە هونەر و سیاسەت مایەوە. ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ساڵی ١٩٨٠ـدا لە لایەن زانکۆی هارڤاردەوە دوکتۆرای شانازیی پێ بەخشرا و لە ساڵی ١٩٨١ـدا خەڵاتی سێرڤانتسی بردەوە. سەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٠ـدا ئەکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێل، لە هەمبەر نیو سەدە تێکۆشان لە بواری شیعر و ئەدەبیاتی مەکسیکدا، خەڵاتی نۆبێلی پێ بەخشی. ئەو لە سوید گوتارێکی گرنگی بە ناوی «لە گەڕان بە دوای هەنووکە»ـدا خوێندەوە. – ماڵپەڕی باڵندە
یانیش بەبێ هیچ کەسێک
ئۆکتاڤیۆ پاز
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: د. موحسین ئەحمەد عومەر
لوتکە و قورسایی
درەخت هەیە بێجووڵە
هەشە دەڕوا
ڕووباری درەخت
لە سینگم دەدا
ئەمە شادییە
ورشەی سەوز
تۆ سوورت پۆشیوە
ختم
لە ساڵی گڕگرتوو
پەنگرەگۆشت
ئەستێرە مێوە
خۆر کە دەیخۆم
وەخت لەسەر نگونێکی ڕوونی
پشوو دەدا
باڵندەکان پۆلەسێبەرێکن
دەنووکیان شەو دروست دەکا
باڵیان ڕۆژ ڕادەگرێ
وەستاوی سەر لوتکەی ڕۆشنایی
لە نێوان جێگیری و سەرسووڕان
تۆ
سپیی ڕوونی
*
یانیش بەبێ هیچ کەسێک
گیانێک چییە
لەناو درەختەکاندا نییە
منیش
نازانم سەرم بۆ کوێ هەڵبگرم