باڵندەکە

ئۆکتاڤیۆ پاز/شاعیری مەکسیکی

May 17, 2018

 

باڵندەکە
ئۆکتاڤیۆ پاز
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

لە بێدەنگییەکی شەفافدا
ڕۆژ پشووی دەدا:
لە هەمان کاتدا
شەفافییەتەکانی شوێن
بووبوونەوە بە شەفافییەتی بێدەنگی.
ڕووناکییە وەستاوەکەی ئاسمان
ئارامیی گەشەی چیمەنەکەی دەدایەوە.
شتە بچووکەکانی زەوی، لەوانە بەردەکان،
لەژێر هەمان ڕووناکیدا، هەر وەکوو خۆیان بەرد بوون
کاتیش لەناو خولەکێکدا چوارمشقی دانیشتبوو.
ئا لەو ڕاوەستانە مەنگەدا
نیوەڕۆکە خۆی دەخواردەوە.

 

ئینجا باڵندەیەک تیرێکی باریکی جریواند.
ئاسمانەکە لەرزی سنگێکی زیوینی برینداری تێ گەڕا،
گەڵاکان کەوتنە جووڵە،
چیمەنەکە بەخەبەر هات.
ئیتر تێگەیشتم کە مردن تیرێکە
لە دەستێکی نەناسەوە دەوەشێنرێت و
لە چاوترووکانێکدا هەموومان دەمرین.