منداڵانی تەنیایی

ئومێد قەرەنی

ئومێد قەرەنی | (١٩٩٢ - )

August 18, 2024

ئومێد قەرەنی، لەدایکبووی ١٩٩٢ـی شاری هەولێرە. یەکەمین هۆنراوەی لە ساڵی ٢٠١٣ـدا نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە.
هەندێک جار دەنووسێت و نووسینەکانی بڵاو دەکاتەوە، جار جاریش لە یۆنانییەوە وەرگێڕان دەکات بۆ کوردی.
ئەمە یەکەمین ئومێدە لە باڵندە بڵاو بێتەوە.

 

 

دوو شیعری ئومێد قەرەنی

 

 

 

منداڵانی تەنیایی

 

ئەو منداڵانە دەیانەوێ
هاوڕێ لەگەڵ لاکۆست و مارلبۆرۆ و ئەدیداس
تا مردن
جەستەی ئەو شارە ئەشکەنجەدەن
شەوانە بە مادە هۆشبەرەکان
دەمارەکانی تەنیایی دەبڕن
رۆژانە بە ئامێرەکانی یاماها
بە سەرێکی عەنتیکەوە
دەیانەوێ زاڵی سەردەم بن!
نیوەرۆیان بە ماتۆڕێکەوە
بە دەروونێکی شپڕزەوە
لە شەقامان دەردەکەون بیریاندەچێ
جلی ژێرەوەیان لەبەربکەن
وەک ئێمە دەژین
وەک ئێمە سەرسام نابن
وەک ئەوان دەژین
وەک ئەوان سەرسام نابین
ئەو منداڵانە بەدوای روخسارێکدا دەگەڕێن!

 

 

میناتۆر

١

بە هۆی تێچووی چاپەوە
ئەو شیعرە لە شیعرێکی ئاسایی کورتترە

لە بیرتکردم
وەک خوێنی ڕژاوی
ڕوداوە گورچکبڕەکانی سەر کار..

 

٢

کەسێک
بە سەختی دێتەوە بیرم
ئەمنی بەو چرایە چواند
بەر لەوەی بسوتێ گرپە دەکا.

 

٣

دنیا ئێمەی
بەرەو ئەم کۆڵانانە برد
یان ئەم کۆڵانانە
ئێمەیان گەیاندە دنیا؟