پەناگەی هەستە شاراوەکان

ئیسماعیل سابیر | (١٩٩٤ - )

ئیسماعیل سابیر | (١٩٩٤ - )

July 16, 2024

ئیسماعیل سابیر، شاعیر و پارێزەر، ساڵی ١٩٩٤ لە ناحیەی گوێڕ لە دایک بووە، لە هەولێر دەژی. ماوەی چەند ساڵێکە دەنووسێت و سەرلەدووی زمان و دەربڕینێکی تایبەتە کە بتوانێت دنیاکەی خۆی پێ دەربڕێت. تا ئێستا خاوەنی دوو کتێبی شیعریییە بە ناوی “سۆراغ بۆ  شیوەنێکی نەبڕاوە ٢٠٢٠” و “هەوری مات٢٠٢٤” . خوێنەری نوێترین شیعری ئیسماعیل سابیر بن 

 

 

 

پەناگەی هەستە شاراوەکان
(شکستهێنان لە ئاماژەکردن بە زمانێکی شاد)

ئیسماعیل سابیر

 

 

 

(١)
هەستی بەختەوەری

دوایین کەس کە بە بۆنی قژ و گەردەنت؛
گەمارۆی سنوورەکانی دڵتەنگی بەزاند،
من بووم؛
بە گرتنی پەنجە بچووکەکانت
زمانی شادومانیم بۆ هەتاهەتایە دۆزییەوە.

ئەگەرچی بەیانییان کاتێک لەودیو دەرگای باخچەی ساوایان، کچەکەم ماچ و پەنجەی ماڵئاوایی بۆ مەلی ڕوانینی ڕۆژە خەمگینەکانم هەڵدەشەقێنێ
وەک ئەو دەمەیە؛ هەستم
لەناو حەشاماتی خەڵک ئەگەر کەوت بەسەر پەژارەییدا.

وەک درەختێکی پیر منیش
چونکە ڕووبارێکم نەبوو داری خۆزگەی پێ ئاو بدەم
بۆیە هێندە لە کەوتن و شکانەوەی قیافەی پیاوەتی دەترسام
وەک دەردەدارێک چوومە پەناگەیەک؛
ئەوەی لە جوانەگای ناخ شکم دەبرد
بۆ تۆم هەڵڕژاند.

 

(٢)
چاولەڕێگا

(لەبەر ئەوەی وێنەکەت بە تیشێرتێکی سپییەوە دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا ئەسپی تەماشام تاو دەدا/ بۆیە چاولەڕێگام، “ویستی شادبوون” بۆ بینینی دوایین فیلمی کوردی ـ پەلکێشی چوونە ئیمپایەر سینەما بکەم/ ئەگەرچی خراپیش بێت/ زۆر گۆرانیی شاد هەیە گوێم لێ نەگرتوون/ بە یادت سەفەر و پیاسەی زۆر هەیە لەم شەقام و باخچانەی کە کوڕەکانی ئەم شارە بۆی دەچن، من نەمکردوون/ هێشتا لە دەرگای چەندین ڕێستوورانتی مۆدێرن و کافێی خنجیلانە سڵاوێکم نەکردووە/ لە چۆلی گیرفانم نییە خۆشەویستم/ بەڵام چونکە دەمەوێت تامی زۆربەی خواردنەکان یەکەمین جار لە هەوری دەمی تۆوە بڕژێت بەسەر گەدەی وشکەساڵیمدا/ بۆیە وەک هەوادارە سەرشێتەکانی تۆپی پێ/ لەم خاکی دڵتەنگییەدا/ تا بەکۆتاهاتنی ئەم یاریی مەرگە/ بەپێوە هوتافی خۆشەویستیت لێ دەدەم.)

 

(٣)
نزیکبوونەوە لە دەریا

ڕاوچییەکی لێزان جۆلانەی بە پەیوەستی شەو دەکرد
لە نازی کوڵمە سوورەکانتدا
زمانم خرۆشا
تاقە نێچیرێک کە لە قەدپاڵی شاخی داواکارییەکاندا کەوت و ڕاو کرا
من بووم.

سەبارەت بەوانەی ڕۆیشتن
من هاوسەرگیریم کرد
بەپێوە وەک درەخت لەپشت منداڵەکانم وەستام
پێنج کتێبی شیعریم نووسی و
بڕوانامەی بەرزم لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان بەدەست هێنا
بەڵام چونکە لە یادم نەچوونەوە فرمێسکەکانی پێک نەگەیشتن
جارێک لە جاران، لەجیاتی نووسین
من بۆیە لە ژوورەکەم یان لەسەر شەقام بوو
کاتێک گوتم:
ئاخ.

بووم بە سەمەرەترین مەلەوان
ئەگەرچی تا ئێستا پەکم نەکەوتووە لە هیچ چەم و ڕووبارێک
کەچی بەلەمی غرورم دەمێکە لە ڕۆخی برژانگەکانتدا تێک شکاوە و
لەژێر سپیاتی ئاوی چاوەکانت
تەنانەت کەوتووم.