سەربازێکی دوای شەڕ

زانیار ڕەوا | (٢٠٠٢- )

زانیار ڕەوا | (٢٠٠٢- )

September 12, 2024

زانیار ڕەوا لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢ـی شاری مەهاباد-سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەر لەوێش دەژی و لە یەکێک لە زانکۆکانی مەهاباد دەروونناسی دەخوێنێت. ماوەی ٩ ساڵ دەبێت شیعر دەنووسێت. لە تەمەنی ١٣ساڵیدا یەکەم شیعری خۆی نووسیوە.  لە ئیستادا جارجارە کورتەچیرۆک دەنووسێت و لە فارسیشەوە وەرگێڕان دەکات بۆ سەر زمانی کوردی.

 

 

 

 

سەربازێکی دوای شەڕ
زانیار ڕەوا

 

 

 

غەریبیت دەکەم… گەورەم
غەریبیی بۆنی بارووتی دوای شەر
کە پەنداو دەخواتەوە
لەبەر لووتم.
ئاسەواری ئەم ئاسمانە
خۆرەتاوێکی کزە کە ئێوارەْ شۆڕش جێدەهێڵی و
بەیانی لە ئاسمانی دوژمن سەر هەڵدێنێ.
گەورەم
پشوو بدە، گەورەم تۆ نابێ بگەڕێیتەوە سەنگەر
نابێ بەرەو دواوە بگەڕێیتەوە
خوێنەکەت شۆڕشە شاراوەکەمان ئاشکرا دەکات
بمێنەوە، بێبەزەییانەیە، بەڵام بمێنەوە
بەبێ‌ تۆش بەرەوپێشچوون درێژەی هەیە،
بەبێ تۆش ڕۆژێ لە ڕێکەوتنامەی
ساڵە مردووەکان، بەرخۆدانت لەبیر ناکرێ.
غەریبیت دەکەم گەورەم…غەریبی.
لە پشت ئەو تاتە بەردە خۆت حەشار دە
تەقە بکە، لێرە و لەوێ
مەهیڵە دوژمن ڕێگە ببڕێ
مەهێڵە لێرەواڕەکان پێ بزانێ
مەهێڵە شار داگیر بکا
شار هێشتا دەتوانێ بەیانییەک بداتە دەرێ و
سبەینان بەرامبەر ڕۆژنامە جیهانییەکان
لەسەر خۆی وەجواب بێت
گەورەم خەبات زۆر بەرزترە لە گیانی من و تۆ
جێبهێلین یان درێژ بینەوە
بەسەر خوێنی هاوڕێکانماندا؟
ویشکەوەبوون حەقایەتی فەرامۆشییە
کە خۆڵ لە خۆی دەتەکێنێ.
غەریبیت دەکەم هاوڕێ… غەریبی.
غەریبی ئەو دێڕە شیعرانەی
بە تەواوی هەڵنەپشکوتن
لە داری هەبوونمان وەرین و
ناسک ناسک جوانیان دا.
دەستم بگرە هاوڕێ
ئێستە دەمێکە دەمهەوێ بگەڕێمەوە کۆڵانەکەی خۆمان
بەڵام ئەو کۆڵانە پێنازانمەوە
ئەو کۆڵانە چیتر ناونیشانە کۆنەکانی جارانی نەماوە
ئەو کۆڵانە چیتر دروشمەکانی سەر دیوار و
قاناوە بۆگەنیوەکانی و
تاقە دار گوێزە بەرزەکەی لێ نەماوە.
چیتر سیما و پەری و سوغرا و کوبڕا
ئێواران لەبن دەرگا دانانیشن
ناونیشانی هیچ کچێکی گەنجی لێ نەماوە
کە گەنجێ سۆی دیتنی ڕێ ببڕێتە کۆڵانەکە
غەریبیت دەکەم ئەی سەگە ترسنۆکەکەی-
کە کرم بە جەستەتەوە
دڕەندەبوونی کردە پرسیارێکی مێژوویی
بە گلەیی مایەوە….غەریبی.
شەڕ لەوپەڕی پەیمانەکانیدا
ناوی چوار سەربازی لەبیر دەچێ
چوار بنەماڵەی بێمووچە.
چوار گلەیی گەورە دژ بە دەسەڵات
چوار شانازیی نەدیتراو
چوار بوختانی بەهەڵەچوو
چوار تفی دژ بە خەبات
چوار ڕووگەڕانەوە لە من لە تۆ لە ئەوانەی
بە یەکەوە گەڕانەوە بەبێ چوار.
لە تۆ ئێستا تەنیا یەک شتم لەبیرە گەورەم
کاتێ ژیان، لە گەڕانەوەدابوو
بەڵام گەڕانەوە خەیانەت بوو
بەرەو پێشچوونیش:
گەورەم لێرەوە سڵاو دەگەیێنم
لەسەر کۆتا تەبەقەی بەرزترین بینای شار
لەسەر لێواری ناسکترین ئاسمان
لەسەر درێژترین دەزووی داوای لێبووردن
لەژێر غەریبیی دوا هەناسەکانت گەورەم
کە لە پشت تێلدڕووەکانی سنوورە نوێیەکان
ڕێگەیان نەدا بگەڕێتەوە وڵات-نیشتمان.
بە فەرمانی تۆ: ئازاد.