سەرچنار

ئەرسەلان چەلەبی

ئەرسەلان چەلەبی | (١٩٨٦ -)

June 18, 2024

ئەرسەلان چەلەبی، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٦ی زایینی لە شاری بۆکانە. ماوەی بیست ساڵە دەنووسێ و یەکەم شیعرەکانیشی لە گۆڤارە ئەدەبییە خۆجێیەکان بڵاو کردەوە.
 ئەرسەلان تا ئێستا  سێ ڕۆمان، کتێبێکی وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ کوردی و هەروەها هەشت کۆمەڵە شیعری بە زمانەکانی کوردی و فارسی بلاو کردووەتەوە.  وا بڕیارە لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ٢٠٢٤یشدا، یەکەم کۆمەڵە شیعری بە زمانی دانیمارکی لە لایەن وەشانی ئاژانسی شیعر لە کۆپنهاگن بڵاو ببێتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٧وە کۆمەڵێک لە چیرۆک و شیعرەکانی چەلەبی بۆ سەر زمانەکانی ئینگلیزی، دانمارکی، فەڕەنسی لە گۆڤار و ئەنتۆلۆژی و ماڵپەڕە ئەدەبی و هونەرییەکانی ئەرووپادا بڵاو بۆتەوە. ئەرسەلان  لە ساڵی ٢٠١٦وە لە دانماڕک دەژیێت و ئەندامی ناوەندی قەڵەمی دانماڕکە.

 

 

 

سەرچنار
ئەرسەلان چەلەبی

 

 

نزارێک لەگەڵ دوو تەرمی نیوەمردوو
ئاسمانێکی قورس و بەندەنێک لە گۆڕ
هەڵچنرابوو لە مەزاری مێخەکبەند
هەر کەلێنێک خوێنێکی سەربەمۆری حەشار دابوو
کوێستانێک و دوو چەکی ژەنگهەڵاتوو

بە بیرم دێ هەر دوێنێ بوو چنارێک
سەری خۆی هەڵگرتبوو بە جادەیەکدا
کە نە چۆڵ بوو نە سێبەر، قەرەباڵغ
کزەی ڕەشی تاریکی شوێنی کەوتبوو
هەتاو و دوو جادەی نەخۆش

سووری کردبوویەوە بە سەر دەیان داری چنار
نێژرابوون، گۆڕستانێک و دوو دەرگای کراوە
سەدان گەڵا و پەلکی شکاو، زەوییەکی تاڵ
بەرد و بێبەریبوونی هەمیشەیی لە ئاو
ئاوازی بڕین و کوشتنی وردە خیز و ئاوڕوونکە
کەلەبچە لە پێی مانگ خستن، ئەستێرەکوشتن

مەرگ لە هاتوچۆ ئەو کۆڵان بۆ ئەو کۆڵان
زستان بوو مژێکی قاتڵ لە جادە و کەناران

بەهار بوو تریشقە ئاگری پێوە ڕوابوو
هاوین و هەراهەرای دەیان ڕۆی تر لە
کۆمەڵە داهۆڵێکی پاییزی و باخچەیەکی وشک
کانیاوێکی کوێر و کەپرێکی ڕووخاو

دیمەن گەلێکی نەشیاو بێ ئۆقرە پەرێشان
تینی تاریکی تاویی دەشتی دابوو
دارستانێکی بابردەڵە و گیاشینکەیەکی ڵاڵ
بە باسکێکەوە دەژیا گەلێکی نیوە وێران
نیشتمانیان دوو قوونی شەق لێ کەوتوو و
دوو گیرفانی چەور، باخەڵێک هەراسانی
مەرگێکی لە ناکاو لە جادە بێت یا بە سەر چنار!