وێڵ بە دوای شیعرێكدا

July 3, 2020

 

شامسوور ڕەحمان (١٩٢٩- ٢٠٠٦)؛ یەکێکە لە شاعیر و نووسەرە هەرە دیارەکانی مێژووی ئەدەبیاتی بەنگلادیش و دیارترین شاعیری سەردەمی خۆی لەم وڵاتە. بە یەکێک لە ڕووخسارە گەش و گرنگەکانی ئەدەبی مۆدێرنی بەنگلادیش دادەنرێت. بە تایبەت دوای سەربەخۆبوونی بەنگلادیش لە ساڵی ١٩٧١ـدا، بە شیعرەکانی، کە لێگەڕانێک بوون بە دوای ئازادی و خەون و پرسیارە بێکۆتایییەکانی مرۆڤ، بوو بە فیگەرێکی بەرچاو لە بەنگلادیش. وێڕای نووسینی شیعر، ڕۆژنامەنووس بوو و چیرۆک و ڕۆمانیشی دەنووسین. هەروەها داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو. شامسوور، خاوەنی زیاتر لە شەست دیوانی شیعرە و چەندین خەڵاتی بۆ شیعرەکانی بردوونەتەوە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

وێڵ بە دوای شیعرێكدا

دوو شیعری شامسوور ڕەحمان

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: ڕێبین خدر

 

 

لە پێناو چەند دێڕەشیعرێکدا

دەڕۆمە لای درەختێک و پێی دەڵێم:

درەختی ئازیز، دەتوانی شیعرێکم پێ ببەخشیت؟

درەختەکە دەڵێت: گەر توانیت بە توێکڵی قەدمدا ڕۆ بچی و لەگەڵ مۆخمدا جووت بیت،

جا ڕەنگە ئەوکات شیعرێک بە دەست بهێنیت.

 

بە گوێچکەکانی دیوارێکی داڕووخاودا دەچرپێنم:

دەتوانی شیعرێکم پێ ببەخشیت؟

لە دەنگە قەوزەپۆشەکەیدا، دیوارە کۆنینەکە

دەچرپێنێتەوە گوێم:

گەر توانیت خۆت وردورد بهاڕیتە ناو خشت و چیمەنتۆی لەشی من،

جا ڕەنگە ئەوکات شیعرێک بە دەست بهێنیت.

 

دەکەومە سەر ئەژنۆ و لە پیرەمێردێک دەپاڕێمەوە:

تکایە، تکایە شیعرێکم بدەرێ!

چارشێوی بێدەنگی هەڵدەزڕێت و

دەنگی دانایی دێتە گۆ:

گەر توانیت چرچولۆچ لەسەر ڕووخساری من

هەڵگریت و بیخەیتە سەر ڕووخساری خۆت،

جا ڕەنگە ئەوکات شیعرێک بە دەست بهێنیت.

 

ئەرێ تەنیا بۆ چەند دێرەشیعرێک

دەبێ چەند لە بەردەم ئەو درەختە چاوەڕێ بکەم؟

چەند لە بەردەم دیوارە داڕووخاوەکە؟

ئەی دەبێ چەند لە بەردەم پیاوە پیرەکە چاوەڕوان؟

ئەدی تا کەی ئاوا کەوتوو لەسەر ئەژنۆکانم، بمێنمەوە من؟

 

 

بنەڕێنە ئەی ئازادی!

پێویستە چی لەگەڵ بەهاردا بکەم

کاتێ تەنێ ناڵەناڵی کوکو دەبیستم و

ناشتوانم ببینم چۆن گوڵە جوانکیلەکان دەگەشێنەوە؟

پێویستە چی لەگەڵ باخچەکەدا بکەم

کاتێ هیچ باڵندەیەک بۆ جارێکیش سەردانی ناکات؟

ئای! چەند وشکوبرینگ داگەڕاوە ئەم خاکە

‌ئێسکەپەیکەری درەختەکان چەشنی ڕۆحگەلێکی خەمناک،

دەستە لە دوای دەستە ڕاوەستاون.

 

پێویستە چی لەگەڵ خۆشەویستی بکەم من؟

کاتێک تاجێک لە دڕک دەخاتە سەر سەرم و

پەرداخێک لە هاملۆک* دەداتە دەستم؟

ئەرێ چ نیازێکی هەیە شەقام

کە هیچ کەس بەسەریدا هەنگاو نانێت،

ئەوەتا خۆ ئەو ئایسکرێمفرۆشانەی ئایسکرێمی ڕەنگاوڕەنگ دەبەشنەوە و

شەپۆلی ئاپۆڕای شار-لە-خۆدا-غەرقکردووش

هەرگیزاوهەرگیز نابینرێن؟

 

بانگم کردبووی ئازیزترین،

ئەو دەمەی سەفەرەکەمان دەستی پێ کرد

ئەو دەمەی بە خۆمان و ڕووخسارمانەوە بەرەو خۆری هەڵهاتوو وەرسووڕاین.

 

ئەو دەمەی پاشەکشەی پڕ ئەفسوونی بوروژوا

نەیهێشت گوێت لە گۆرانییە بەهاتوهاوارەکانی خەڵک بێت.

دەی تۆ هەر بە یەخسیری و دەستەمۆیی دەمێنیتەوە لەژێر چڕنووکی هەڵۆیەکی تووڕەدا.

تۆ هێشتا ناتوانی بەسەر ئەو شەقامەدا بڕۆیت،

ئەو شەقامەی بە فەرشێکی ڕەنگین بە ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە داپۆشراوە.

 

ئاخ! جا چۆن دەکرێ هەر بیر لە ڕێگابڕین بکرێتەوە

بەبێ بوونی تۆ لە پەنامدا!

 

دێوەزمەیەکی سامناک دێت و سێبەرێکی تاریک

بە دەوری خۆیدا دەڕژێنێ

بۆ ساتێک لەژێر پاژنەکانیدا دەهاڕێت؛

بناغەی شارستانییەتی نوێ!

دێوەزمەکە مانگ لە سێدارە دەدا

 

دێوەزمەکە پشکووتنی نیلۆفەر و گوڵەباخ بە نایاسایی دادەنێت.

دێت شیعرەکانم کۆپلە کۆپلە قەدەغە دەکات.

زۆر بە بێدەنگی، بێ ئەوەی دەهۆڵی ئاگادارکردنەوە بکوتێ

دێت دەنگی تۆ دەخاتە لاوە و قەدەغەی دەکا

بۆنی پرچی تۆ،

بۆنی پرچی تۆ قەدەغە دەکا.

 

لە پەنا جەستەی چەماوەی کیژۆڵەیەک

کیژۆڵەیەک کە لە هەیوانی تەنیاییی ساڵانی پیری دانیشتووە،

دانیشتووە و چاوەڕێی بەسەرچوونی ڕۆژە بەختەوەرەکان دەکا.

 لە پەنا ئەو شەو و ڕۆژە درێژانەی نێڵسن ماندێلا

لە پشت شیشەکانی زیندان بە ڕێی کردن.

 

لە-پای-لە-خوێنداگەوزانی هەرە پاڵەوان

نوور حوسەین**،

ئاهـ ئازادی! سەرت بەرز بکەوە، بەرزی بکەوە بە وێنەی ئەژدیهایەک

قیژەیەکی هەژێنەر بدە بە گوێی ئاسماندا،

دەسا زنجیری ئاڵاو لە مەچەکەکانت بپسێنە و

بنەڕێنە ئەی ئازادی،

بنەڕێنە بە دەنگی هەرە بڵندت!

 

 

 


* هاملۆک: گوڵێکی ژەهراوییە.

**نوور حوسەین: چالاکوانێکی گەنجی بەنگلادیشی بوو. ساڵی ١٩٨٩ لە کاتی دەنگهەڵبڕینی لە دژی موحەمەد ئیرشادی سەرۆکی بەنگلادیش، لە شاری دەکا لە لایەن پۆلیسەوە کوژرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار