شیعرییەتی هۆتێلەکان

پایک مالینۆڤسکی/ شاعیری دانیمارکی

April 7, 2018

پایک مالینۆڤسکی، شاعیری دانیمارکی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ـە لە کۆپنهاگن. کاری بەرهەمهێنەری ڕادیۆیی کردووە، لە ساڵی ١٩٩٨ـدا بەشی نووسینی داهێنەرانەی خوێندووە. لە پاڵ کاری ڕادیۆیی، شیعری بیانییش بۆ زمانی دانیمارکی وەردەگێڕێت. ئێستا لە نیویۆرک دەژی. خاونی سێ کتێبی شیعرییە؛ «ڕۆمانی خەیاڵ- ٢٠٠١»، «کتێبە گەورەکەی خەونی دانیمارکییەکان- ٢٠١٠» و «شاعیرەکان- ٢٠١٦». پایک هەروەها نووسەری پەیامی باڵندەیە بۆ ساڵی ٢٠١٨، کە لە ڕۆژی جیهانیی شیعردا بڵاو بووەوە. لێرەدا چەند بەشێک لە کتێبی “شاعیرەکان”ـی ئەو دەخوێننەوە، کە تێڕامانێکە لە خودی شاعیران. – باڵندە

 

 

شیعرییەتی هۆتێلەکان
پایک مالینۆڤسکی
وەرگێڕانی لە دانیمارییەوە: ئالان پەری

 

 

ئەو خانمەشاعیرەی توندڕەو دەبێت، چاکەتێکی چەرم دەکڕێت، ماتۆڕێک دەهاژوێت و سێکس لەگەڵ خانمێک دەکات، لە گوندێکی بچووکەوە هاتبێت، دواتر ئەو خانمەشاعیرە لەسەر ئەم شتانە شیعر دەنووسێت، هەست بە دەسەڵاتی خۆی دەکات، پەنجەکانی دەتەقێنێت وەک وردەتریشقە.

 

ئەو شاعیرەی پلانی دزینی بانکێك لەگەڵ هاوڕێ شاعیرەکانیدا دادەڕێژێت؛ بڕینی دە بانکی ناو شار لە هەمان کاتوساتدا، تا دەردەکەوێت چەند شاعیرێک لە تاو ئەو کارە بە پەشۆکاوییەوە شوێنەکە چۆڵ دەکەن. دەبێت لەو بانکانە شیعری (گەمژە) جێ بهێڵن.

 

پیرەشاعیرێک شیعر سەبارەت بە نەوەکانی خۆی بۆ چەند گەنجەشاعیرێک دەخوێنێتەوە، لە ناخیدا تینووتییەک هەیە.

 

ئەو شاعیرەی درەنگ دەگاتە شوێنی خوێندنەوەی شیعر و بەوپەڕی شانازییەوە دێتە ژوورەوە، لەبەر ئەوەی هەموو ڕۆژەکە بە تەنیا بووە، وا دەزانێت هەموو شتێک دەبێت ببێتە باسی ئەو.

 

ئەو شاعیرەی هەموو کاتێک شیعرەکانی، تێڕوانینی بۆ جیهان، پێشبینییەکانی بۆ خۆی، هەستی خۆی بۆ خەڵک دەپاڵێوێت.

 

ئەو شاعیرەی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە دەبێتە پەڕەیەک، خۆی بەتاڵ دەکاتەوە و جارێکی دیکە دەبێتە پەڕە، زۆر بە جددییەوە تەماشای ئەو خەڵکە نوێیانە دەکات، کە دێنە ژوورەوە.

 

ئەو شاعیرەی شیعر بۆ هاوڕێ و خزمان و دوژمنەکانی دەنووسێت. چەند پۆرترەیتێک دەخاتە سەر ڕەفە، لاوازی و شۆکبوونیان شی دەکاتەوە، بانگەوازی خۆشویستنیان بۆ دەکات.

 

ئەو شاعیرەی زەردەخەنە بۆ کوللـە دەکات.

 

ئەو شاعیرەی شیعرییەتی هۆتێلەکان دەپشکنێت.

 

 

بۆ خوێندنەوەی پەیامی باڵندە کرتە لێرە بکە