تۆ بە نووستوویی قووڵتریت لە شەو

ئۆکتاڤیۆ پاز/شاعیری مەکسیکی

March 31, 2018

ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ٣١ـی مارسی ١٩١٤ لە مەکسیکۆسیتی-مەکسیک لە دایک بووە، ١٩ـی ئەپڕێڵی ١٩٩٨ بە شێرپەنجە لە هەمان شوێن کۆچی دواییی کردووە. ئەو شاعیر، نووسەر، دیپلۆمات و ڕەخنەگرێکی مەکسیکی بوو. پاز بە ئابڕووی شیعری جیهان ناسراوە. لە حەڤدەساڵیدا دەستی بە نووسین کرد. باوکی، پارێزەر بوو، باپیریشی چیرۆکنووس، هەردووکیان لە پەروەردەی پازدا کاریگەر بوون. لە گەنجێتیدا بەها کۆمەڵایەتییەکانی لە باوکییەوە وەرگرت و ئەدەبیاتیش لە باپیرییەوە فێر بوو. سەرەنجام شاعیریی لە بری پارێزەریی هەڵبژارد. لە ساڵی ١٩٦٢ـدا بوو بە باڵیۆزی مەکسیک لە هیند و چوو بۆ ئەوێ. لە ساڵی ١٩٦٨ـدا وەک هەڵوێستێک لە هەمبەر سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندانی ئارامی خوێندکاران لە مەکسیک، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و ئیتر تا کۆتایییەکانی ژیانی، وەک سەرنووسەر و چاپەری چەند گۆڤارێکی تایبەت بە هونەر و سیاسەت مایەوە.

ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ساڵی ١٩٨٠ـدا لە لایەن زانکۆی هارڤاردەوە دوکتۆرای شانازیی پێ بەخشرا و لە ساڵی ١٩٨١ـدا خەڵاتی سێرڤانتسی بردەوە. سەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٠ـدا ئەکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێل، لە هەمبەر نیو سەدە تێکۆشان لە بواری شیعر و ئەدەبیاتی مەکسیکدا، خەڵاتی نۆبێلی بە پاز بەخشی. ئەو لە سوید گوتارێکی گرنگی بە ناوی «لە گەڕان بە دوای هەنووکە»ـدا خوێندەوە.

پاز پێی وایە شاعیر شیعر بۆ دڵی دەنووسێت، بەڵام پێویستە لەگەڵ خوێنەریشدا پەیوەندیی دروست بکات. هەروەها شیعر نهێنییەکە ناتوانین هەرگیز چۆنیەتیی ئافراندنەکەی وەسف بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا بەبێ ئەوەی بیر لە ڕەوتی ئافراندنەکەی بکەینەوە، ناتوانین درکی بکەین. هەروەتر شیعر وەجدێکە، واقعییەت ڕەت دەکاتەوە، یانیش دەیگۆڕێت. – باڵندە

 

سێ شیعری ئۆکتاڤیۆ پاز
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە:
ڕەوا هەژار

 

 

لەو نێوەندەدا

ڕۆژگارەکە
لە نێوان چوون و هاتنەکاندا
شڵەژاو
بە عەشقی ڕوونییەکانی خۆیەوە،
دوانیوەڕۆکەش پێچاوپێچ وا دەگاتەوە کەنار
کەچی دنیا هەر لە هێمنیدا گڤەی دێت،
هەمووی ئاشکرایە و هەموویشی فریودەر
هەمووی نزیکە و باییی لەمسکردنێک ناکات،
ئەوەتا کاخەز، کتێب، قەڵەم، شووشە
لەنێو سێبەری ناوەکانیاندا ماندوویەتی دەشکێنن
لە پەرستگاکانمدا کات بۆ هەمیشەیی پل دەدات
وەکوو خوێن، بە هەمان بڕگەی خۆیەوە، بە هەمان نەگۆڕانەوە
ڕووناکییەک هات و ئەو دیوارە بێژیانەی گۆڕی
بە شانۆی تارمایییەکی پڕ ئەندێشە،
من خۆم لە ناوەڕاستی ئەو گلێنەیەدا دەبینمەوە
کە لە سەرنجێکی خاڵییەوە تەماشام دەکات،
ساتەکە هەپروون بە هەپروون دەبێت؛ نەجووڵاو،
من دێم و دەڕۆم: وەستانێکم من.

 

لەمس

دەستەکانم
پەردەکانی جەوهەرت هەڵدەگرن
لە ڕووتییەکی زیاتردا داتدەپۆشن
لە لاشەتدا جەستەکانی تر ڕووت دەکەنەوە
دەستەکانم
داهێنەرانە جەستەیەکی تر لە تۆدا دەدۆزنەوە

 

 

کۆتاکازیوە

قژت لە دارستانەکەدا ون بوو،
پێیەکانت لەوانی من دەکەون.
تۆ بە نووستوویی لە شەوەکە قووڵتریت،
بەڵام خەونەکەت پڕبەپڕی ئەم ژوورەیە.
ئێمە چەندێکین بەم بچووکییەوە!
لە دەرەوە تەکسییەک تێدەپەڕێت،
کۆمەڵێک تارمایی دەگوازێتەوە.
ئەم ڕووبارەی لە تەنیشتماندا دەکشێت
هەمیشە دەگەڕێتەوە شوێنەکەی خۆی.
داخۆ سبەینێ ڕۆژێکی تر بێت؟