وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام

ئومێد قەرەنی | (١٩٩٢ - )

ئومێد قەرەنی | (١٩٩٢ - )

December 18, 2024

ئومێد قەرەنی، لەدایکبووی ١٩٩٢ـی شاری هەولێرە. یەکەمین هۆنراوەی لە ساڵی ٢٠١٣ـدا نووسیوە و بڵاو کردووەتەوە.
ئومێد شیعر دەنووسێت و جار جاریش لە یۆنانییەوە وەردەگێڕێت بۆ کوردی.
فەرموون نوێترین دەقە ئومێدە لە باڵندەوە بخوێننەوە..

 

 

 

 

*وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!
ئومێد قەرەنی

 

 

ئەو شیعرەم بۆ خۆمە؛
ئەتۆ بڵێی
لەبری هەموو ئەو شەوە تاڵانەی
کە سەرخۆش بووم بۆ خنکاندنی ترسەکانم
جیهانێکی دیکە هەبووبێ بێ پۆلیس؟
هەسارەیەک بێ توندوتیژیی؟
ئەستێرەیەک بێ بەدبەختیی؟

ئەو شیعرەم بۆ یارە؛
کاتێ تەنیاییم وەک تیغێکی تیژ
لەسەر دەماری ملی ڕووتی دادەنێم.

ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیەکانمە؛
کاتێ ئارەقە لە هەنیەیانەوە دادەچۆڕێ
سەختە بزانی رەنگی پانتۆڵەکانیان چییە،
ژێر نینۆکەکانیان ڕەنگاوڕەنگە
هەڵسوکەوتیان بە دڵی تۆ نییە،
نازانن سیستەم چییە!
کەچی دەوڵەت، هەموو ڕۆژێ
لە ڕێی تەزووی کارەباوە
لە ڕێی بۆڕیی ئاوەڕۆوە
دێتە نێو ماڵەکانیانەوە!

ئەو شیعرەم بۆ خۆمانە؛
کاتێ ئایندەمان تا سبەی دەڕوا
ئێستامان تا دوێنێ
ئەمڕۆمان لە بۆشاییدایە.

ڕەنگە دوا جار ئەو شیعرەم هەر بۆ خۆم بێ؛
هیچم نییە لێی بترسم
هیچم نییە لە دەستی بدەم
دەمەوێ سبەی ئومێدێکی دیکە بم
یەک دەم بژیم و ونببم
وەک یاریی ئاگرین لە ئاسماندا
وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!

 

 

______________

*مۆلۆتۆڤ: یان کۆکتێلی مۆلۆتۆڤ، بۆمبێکی ساکارە، پێکهاتووە لە بوتڵێک کە پڕکراوە لە شلەمەنییەکی ئاگرگر و فتیلەیەک کە پێش هەڵدانی دادەگیرسێنرێت.زۆرجار پێی دەگوترێت نارنجۆکی هەژاران