بەیانییەکی ئارامی یەکشەممە

چارلز بوکۆڤسکی/شاعیری ئەمەریکی

April 22, 2018

چارلز بوکۆوسکی، شاعیر و چیرۆکنووسی ئەمەریکی، لە ١٦ـی ئۆگەستی ١٩٢٠ـدا لە شاری ئاندرناخی ئەڵمانیا لە دایک بووە. لە ڕۆژی ٩ـی مارسی ١٩٩٤ـدا لە لۆس ئەنجیلێس کۆچی دواییی کردووە. نووسینەکانی ئەو بە تەواوی پەیوەست بوون بە فەزای ئەوکاتی لۆس ئەنجیلێسەوە. بە هەزاران شیعر، سەدان چیرۆک، شەش ڕۆمان و زیاد لە پەنجا کتێبی چاپ و بڵاو کردەوە. لە نووسینەکانیدا بایەخ بە زمانێکی بازاڕیی ڕووت و بێئارایشت دەدات. لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە: هەوڵ مەدە. – باڵندە

 

 

هەمووی تۆزێک لەمەوبەر بوو
چارلز بوکۆوسکی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: بەڕێز مەجید

 

نزیکەی دەمەدەمەکانی بەیانی
ڕەشیشەکان(١) لەسەر وایارەکانی تەلەفۆن
چاوەڕێن
تاوەکوو من بیخۆم
ساندویجە لەبیرکراوەکەی دوێنێ
لە کاتژمێر شەشی بەیانیدا
بەیانییەکی ئارامی یەکشەممە.

 

تاکێک پێڵاو لە سووچێکدا
ڕاست وەستاوە
ئەوی تریان بەلادا
کەوتووە.

 

یەس، هەندێک لە ژیانەکان دروست کراون
بۆ بەفێڕۆچوون

 


(١)جۆرێک باڵندە

 


هەمان شیعر بە وەرگێڕانێکی دی

 

نەختێک پێش ئێستا
چارلز بوکۆوسکی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

 

 

نزیکی سپێدە بوو
ڕیشۆڵەکان چاوەڕوان
بەسەر هێڵی تەلەفۆنەکەوە نیشتبوونەوە
لەو کاتەدا خەریکی خورادنی
ئەو بابۆڵەیە بووم کە دوێنێ لە بیری خواردنیدا نەبووبووم
کاتژمێر شەشی بەیانییە
بەیانییەکی بێدەنگی ڕۆژی یەکشەممە

 

تاکێک لە پێڵاوەکان کەوتووەتە سووچەکەوە و
عەموودی گیرساوەتەوە
ئەوی تریان بە تەنیشتدا کەتووە

 

ئێ ئیتر، بەعزە حەیاتێک تەنیا بۆ ئەوە کراوە
بەفیڕۆ بڕوات