بلیمەتی جەماوەر

چارلس بوکۆوسکی | (١٩٢٠ - ١٩٩٤)

چارلس بوکۆوسکی | (١٩٢٠ - ١٩٩٤)

June 10, 2024

چارلس بوکۆوسکی، شاعیر و چیرۆکنووسی ئەمەریکی، لە ١٦ـی ئۆگەستی ١٩٢٠ـدا لە شاری ئاندرناخی ئەڵمانیا لە دایک بووە. لە ڕۆژی ٩ـی مارسی ١٩٩٤ـدا لە لۆس ئەنجیلێس کۆچی دواییی کردووە. نووسینەکانی ئەو بە تەواوی پەیوەست بوون بە فەزای ئەوکاتی لۆس ئەنجیلێسەوە. بە هەزاران شیعر، سەدان چیرۆک، شەش ڕۆمان و زیاد لە پەنجا کتێبی چاپ و بڵاو کردەوە. لە نووسینەکانیدا بایەخ بە زمانێکی بازاڕیی ڕووت و بێئارایشت دەدات. لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە: هەوڵ مەدە.

 

 

 

 

 

بلیمەتی جەماوەر
 چارڵس بوکۆوسکی
کوردییەکەی موحەممەد دێڤ

 

 

 

ئەوەندە ناپاکی، ڕق و کینەی توندوتیژی پێویست هەیە لە تێکڕای
مرۆڤەکاندا کە لە هەر ڕۆژێکدا هەر سوپایەک پێکبهێنێت

باشترینەکان لە کوشتندا ئەوانەن کە بانگەشە دژی دەکەن
باشترینەکان لە ڕقلێبوونەوەدا ئەوانەن کە بانگەشەی خۆشەویستی دەکەن
باشترینەکان لە جەنگدا لەکۆتاییدا ئەوانەن کە بانگەشەی ئاشتی دەکەن

ئەوانەی بانگەشەی خودا دەکەن، پێویستیان بە خودایە
ئەوانەی بانگەشەی ئاشتی دەکەن ئاشتیان نییە
ئەوانەی بانگەشەی ئاشتی دەکەن خۆشەویستیان نییە

ئاگاداری بانگخوازەکان بن
ئاگاداری زاناکان بن
ئاگاداری ئەوانە بن کە هەمیشە کتێب دەخوێننەوە
ئاگاداری ئەوانە بن کە کە بێزارن لە هەژاری
یانیش شانازی پێوە دەکەن
ئاگاداری ئەوانە بن کە خێرا پیاهەڵدان دەکەن
چوونکە لە بەرامبەردا پیاهەڵدانیان پیویستە
ئاگاداری ئەوانە بن کە خێران لە سانسۆرکردن
لەو شتانە دەترسن کە نایزانن
ئاگاداری ئەوانە بن کە بەردەوام بەدوای قەرەباڵغیدا دەگەڕێن لەبەر ئەوەی
هیچ نین بە تەنیا
ئاگاداری تێكڕای ژن و پیاوی ئاسایی بن
ئاگاداری خۆشەویستییان بن، خۆشەویستییان ئاساییە
بە دوای ئاساییەوەن

وەلێ بلیمەتی لە ڕقلێبوونەوەیاندا هەیە
بلیمەتی پێویست لە ڕقلێبوونەوەیاندا هەیە بۆ کوشتنت
بۆ کوشتنی هەرکەسێك
تەنیاییان ناوێ
لە تەنیایی تێناگەن
هەوڵی لەناوبردنی هەمووشتێک دەدەن
کە لەوان جیاواز بێت
ناتوانن هونەر بئافرێنن
ناتوانن لە هونەر تێبگەن
شکستی خۆیان وەک خوڵقێنەر ڕەچاو دەگرن
هەروەک شکستی جیهان
ناتوانن بە تەواوەتی خۆشەویستی بکەن
واشدەزانن خۆشەویستییەکەت ناتەواوە و
دواتریش ڕقیان بەرامبەرت هەڵدەستێ
ڕقلێبوونەکەیان تەواو دەبێت.

وەک ئەڵماسێکی درەوشاوە
وەک چەقۆیەک
وەک چیایەک
وەک زرگێژنۆکێک١

باشترین هونەریانە

____________________________

١- – زرگێژنۆک: جۆرە گیایەکی ژەهراوییە کە گەر بێتوو مرۆڤ یانیش گیانەوەر بیخۆن، پێی دەمرن. مارەکوژە و زڕەگێنژۆکەشی پێ دەڵێن. (سەرچاوە: وێبگەڕی فەرهەنگ دۆت ئینفۆ)