هونەری لەدەستدان

ئێلیزابێس بیشۆپ/شاعیری ئەمەریکی

October 25, 2021

ئێلیزابێس بیشۆپ (١٩١١-١٩٧٩) شاعیر و چیرۆکنووسی ئەمەریکییە، لە منداڵییەوە باوکی لە دەست داوە و دایکیشی کەوتە نەخۆشخانەی دەروونی. بیشۆپ سەروەتی باوکی بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە گوێی نەداوە بە کارکردن و گەشتیارێکی چالاک بووە، ئەورووپا و ئەمەریکای لاتین گەڕاوە. بۆ ماوەیەک نیشتەجێی وڵاتی بەڕازیل دەبێت و وێژەی ئەوێ سەرنجی ڕادەکێشێت، هۆنراوەگەلی بەڕازیلییشی وەرگێڕاوە. زۆروبۆریی نەدەکرد لە نووسین، بڵاوکراوەکانی پچڕپچڕ و ماوەماوە بوون، کەچی کەشتی هۆنراوەکانی لە دڵی زۆرێک لە خوێنەراندا لەنگەری گرت، بە درێژاییی تەمەنی نووسینی خاوەنی چەندان خەڵاتی ئەدەبییە.- ماڵپەڕی باڵندە

 

هونەری لەدەستدان
ئێلیزابێس بیشۆپ
و. لە ئینگلیزییەوە: کامۆ ئاراز

 

 

هونەری لەدەستدان، شارەزابوون لێی سەخت نییە
زۆرێک لە شتەکان پڕن لە مەیلی بزربوون
تەنانەت گەر گومیش ببن، ونبوونیان کارەسات نییە.

 

هەر ڕۆژە و شتێک بزر کە. ئەو پەشۆکاوییە پەسەند کە،
لە پای گومکردنی کلیلەکانی دەرگاکە، ئەو کاتژمێرەی ناخۆش گوزەراندت.
شارەزابوون لە هونەری لەدەستدان سەخت نییە.

 

سا مەشق بکە زۆرتر لە دەست بدەیت، خێراتریش لە دەست بچن:
شوێنەکان و ناوەکان، ئەو جێیەی مەبەستت بوو
گەشتی بۆ بکەیت. هیچ یەک لەوانە کارەساتهێن نین.

 

کاتژمێرە گیرفانییەکەی دایکم بزر کرد. بنواڕە! دواهەمین ماڵم،
یان ماڵەکەی پێش دواهەمینم، هیی ئەو سێ ماڵەی خۆشم دەویستن لە دەست چوون.
شارەزابوون لە هونەری لەدەستدان سەخت نییە.

 

 

دوو شارم لە دەست دا، دوانی دڵڕفێن. هێشتا لە پاڵ ئەمانەیش، زۆرترم لە دەست دان،
ئەو شانشینانەی خاوەنیان بووم، دوو ڕووبار، کیشوەرێک.
بیریان دەکەم، بەڵام کارەسات نەبوون.

 

ــــ تەنانەت لەدەستدانی تۆ (دەنگە گاڵتەئامێزەکەت، ئاماژەی دەستەکانت
کە خۆشم دەوێن) نەدەبوو درۆم کردبا. بەڵگەیە بۆ ئەوەی
شارەزابوون لە هونەری لەدەستدان هێندە سەخت نییە
هەرچەندە بە (بنووسە!) بە کارەسات دەچێت.