بەنووسینکردنی دەنگێک لەناو فڕۆکەیەک بەسەر ئەورووپاوە

لێنارد کۆهن/شاعیری کەنەدی

April 4, 2020

لێنارد کۆهن، ڕۆماننووس، شاعیر، گۆرانینووس و هونەرمەندی کەنەدی، ٢١ـی سێپتەمبەری ١٩٣٤ لە کەبەک لە دایک بووە و ٧ـی نۆڤەمبەری ٢٠١٦ لە ئەمەریکا کۆچی دواییی کردووە. یەکەمین دەفتەرەشیعری، لە ١٩٥٦ـدا و یەکەمین ڕۆمانی، لە ١٩٦٣ـدا چاپ و بڵاو کردەوە. نێوەڕۆکی شیعرەکانی لە دەوری بابەتی وەک دین، سیاسەت، تەنیایی و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان دەخولێتەوە. لە وەسفی کۆهندا گوتراوە: “ئەو وێنەیەکی کێشاوە، کە تێیدا شیعر و مۆسیقا ئاوێتە بوون.” ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

بەنووسینکردنی دەنگێک لەناو فڕۆکەیەک بەسەر ئەورووپاوە
(سێ شیعر)
لێنارد کۆهن
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەند کوردی

 

 

ئاخۆ چەند کەس لەم شارە

ئاخۆ چەند کەس لەم شارە

لە ژووری ڕاخراودا بژین.

شەودرەنگان کاتێ تەماشای بیناکان دەکەم

سوێند دەخۆم لە دانە-بە-دانەی پەنجەرەکاندا ڕووخسار دەبینم

ئەوانیش تەماشای من دەکەن

کاتێکیش وەردەسووڕێم

ئاخۆ چەندیان بگەڕێنەوە سەر مێزەکانیان و ئەمە بنووسن

 

*

 

خەریک بوو بچمە ناو جێوە

خەریک بوو بچمە ناو جێوە

بێ ئەوەی بێنەوە یادم

ئەو چوار وەنەوشە سپییەی

لە کونی قۆپچەی چاکەتە سەوزەکەتم دا

کە چۆن ماچم کردیت ئەوکات

کە تۆش ماچت کردم

شەرمنانە

وەک هەرگیز خۆشەویستت نەبووبم

 

*

 

بەنووسینکردنی دەنگێک لەناو فڕۆکەیەک بەسەر ئەورووپاوە

لیۆناردۆس،

من چیتر تەنیا نیم.

ئێستا هاوڕێیەتیت قبووڵ دەکەم

ئەگەر بتوانیت شتێکی ڕاست

دەربارەم بڵێی.

ڕاستە،

چاکەتێکی سووری خوریم هەبوو

کە ئێواران

لە بەرم دەکرد.

ساڵەکان پێکیان گەیاندووین.

کورسییەکەت ڕێک بکەرەوە.

وا لە ڤیەننا دەنیشیتەوە

ئەو شوێنەی خۆمم لێ کوشت

لە نۆسەد و شەستودوو