شەوەکان لە دەست چوون

ئورس.ئێم. فیشتنەر/شاعیری ئەڵمانی

January 17, 2019

ئورس.ئێم. فیشتنەر، نووسەر و چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەڵمانە. لەدایکبووی ٢ـی نۆڤەمبەری ١٩٥٥ـی شاری بۆنە، لە وڵاتی چیللی گەورە بووە و لە  شاری سانتیاگۆ لە ساڵی ١٩٦١ بۆ ١٩٦٦ لەوێ چووەتە خوێندنگەی ئەڵمانیا. لە ساڵی ١٩٧٣ خانەوادەکەی گەڕاونەتەوە بۆ شاری ئوولم لە ئەڵمانیا. لەوێ دەست لە هەموو خوێندنێک هەڵدەگرێت بێ ئەوەی ببێتە خاوەنی هیچ بڕوانامەیەک. فیشتنەر یەکێکە لەو شاعیرانەی نەوەی خۆی کە نووسینی بۆ خۆی کردووەتە پیشە. لە ساڵی ١٩٧٦ کۆمەڵەی٧٩ـی نووسەرانی ئەڵمانی-ئەمەریکای لاتینی دامەزراندووە. کە لە دواتردا تێمای مافی مرۆڤ بووەتە سەرەکیترینی ئەم گرووپە. فیشتنەر لە بیستویەک ساڵیدا یەکەمین نامیلکەشیعری خۆی بە چاپ دەگەیەنێت. ئەم شاعیرە تێماتی زۆرە کە کاریان لەسەر دەکات، بابەتی گەنجانە و گرنگترینیان کە بەردەوام لە شیعرەکانیدا بوونیان هەیە، بابەتی بەها و مافی مرۆڤە. لە پاڵ ئەمانەشدا وەکو شایەتحاڵێک کار لەسەر دیاردە کۆماڵایەتی و سیاسییەکان دەکات، چونکە بە ڕای ئەم نووسەرە (نووسین بە تەنیا کافی نییە.) لە ساڵی ١٩٧٠وە ئەندامی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتییە. هەڵبژاردەی ئەم شیعرانەش کە لێرەدان بەشێکن لەو کتێبە شیعرییەی کە تایبەت بۆ ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی نووسیوە. فیشتەر هەڵگری کۆمەڵێک خەڵاتە و نووسەری ڕۆمانێکە  کە بۆ لاوانی نووسیوە، بە ناوی (چیرۆکی ئانا). ماڵپەڕی باڵندە

 

 

شەوەکان لە دەست چوون
ئورس.ئێم. فیشتنەر

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: ساسان

 

 

 

بۆ خەونبینین

هیچ کاتێک وەکوو ئێستا

هێندە بێهۆ نەبووین

بۆ دەستهەڵگرتن لە خەونبینین

هیچ کاتێک وەکوو ئێستا

هێندە کەمماف نەبووین

 

کچەکەم

تەلەفۆنەکە بە (دایکە)

بانگ دەکات

دوو ساڵ

لە سەردانەکانیدا

کچەکەم

لە شووشەی پەنجەرەیەکەوە

لەگەڵیدا قسەم دەکرد

بە تەلەفۆن

ئێستا

فێری دەکەم

دەستەکانم، مەمکەکانم

لێوەکانم

بە (دایکە)

بانگ بکات

بەلام لەگەڵ ئەوەشدا

هەرکاتێک تەلەفۆنێک دەبینێت

چیرۆکی بۆ ئەگێرێتەوە

 

یەکێک لە ئێمە

دووبارە منداڵەکان فێری یاریکردن دەکات و

بە وشەکانیش لە هەوادا بنووسن

یەکێک لە ئێمە

جارێک منداڵەکان فێر دەکات

بە بەرگی یەکپۆشی داهۆڵ دروست بکەن و

بەبێ ترس بژین

یەکێک لە ئێمە

منداڵەکان جارێک فیر دەکات

ترسە کۆنەکان لە بیر بکەن

بەڵام نەوەکوو داهاتووی میللەتەکەیان

چونکە دوو زائید سێ  دەکاتە پێنج و

چەوساننەوەش ناووناونیشانی هەیە

یەکێک لە ئێمە

منداڵەکان فێر دەکات

دیوارەکان بسووتێنن

بەڵام نەوەکوو کتێبەکان و وێنەکان

چونکە دوو زائید سێ دەکاتە پێنج و

ئازادییش ناووناونیشانی هەیە.

یەکێک لە ئێمە

دەبێت ئەمە بکات

 

ماوەیەکی زۆرە

من لە نێوان خەڵكیدا

چیتر هەست بە باشی ناکەم

ئینجا و کاتێک کە هەست دەکەم

کەوا لە حزووری مندا

خەڵکی چیتر هەست بە باشی ناکەن

هەر ئاوها باشە


خەم

شەو شاد ئەی خەم

شەو شاد

بنوو و خەون ببینە

بە زەمەنە دوورەکانەوە

شەراب منی لەم شەوەدا

خەونە تاریکەکانی شۆردەوە

سبەی لە پشت بەرزایییەکانەوە چاوەڕێمە

گیا بەرز دەبێتەوە

نادڵنیا شوێنپێکانمن

ئەوەی سبەینێیە

نابێت زۆر گرنگ بێت

شەو شاد، ئەی خەم

 

نانسی

 

هەندێک جار

بۆ من زۆر قورسە

لە چاوەکانتدا

بزر نەبم

نوقم نەبم

لە زەردەخەنەکانتدا

خۆم نەشارمەوە

لە پێکەنینتدا

کاتێک ئەوان

لە حەڤدەساڵیدا تۆیان ڕاو کرد

نێچیرەکەیان لە دوای خۆیان جێ هێشت

لە پشت تەلبەند و قفڵ:

ئێمە لەو کاتەدا لە کوێ بووین:

ئەگەر بمتوانییایە

تۆ بگەڕێنمەوە:

چوار ساڵ لەگەڵ بورجی چاودێری و

دیوار

خۆم تێدەپەڕاند:

بەناو چیای کریستاڵ و یاقووتدا

بەناو بەردەڵان و بادا

بەڵام من ناتوانم.

تۆ لە مردن دەرباز بوویت

تۆ ئەمڕۆ لە لای ئێمەیت و

پەیمان بە خۆم و بە تۆش دەدەم

پێکەوە سەمای تانگۆ بکەین

لەسەر شەقامەکانی بۆینێس ئایراس

لە هەموو شوێنێکی وڵات

 

هاوڕێی ئازیز، ئەم نامەیە

بۆ تۆ دەنێرم

بێ ئاماژە بە نێرەری نامە

بەبێ ناونیشان

لەناویدا هیچ نانووسم

بابەت زۆر هەن بۆ گوتن

دەربارەی درەختەکان

شیناییی یاخیبووی ئاسمان

نەرمیی پێستی

دڵدارەکەم

بەلام لەسەر تەلەفۆن نا

نە لەناو

نامە غەدارەکان

 

چونکە

دەستەکان بە تەواوی شک نابەم

تاوەکوو دووری لێک شی بکەمەوە و

هەست بە پێستت بکەم؛

چونکە دەستەکان

لە دەست چوون

چونکە

تا ئێستا هەر کالڤادۆز بە تەنیا

گەرم لە خۆیم دەگرێت کاتێک کە دەتەزم و

حەز ناکات ئەو شەوە بە کۆتایی بگات؛

چونکە شەوەکان

لە دەست چوون

چونکە

من وشەی تەواو شک نابەم

تاوەکوو زمانێک بۆ هەردووکمان بدۆزمەوە و

ئەو کاغەزە پڕ بکەمەوە؛

چونکە کاغەزەکان

لە دەست چوون

چونکە

تا ئێستا مەستی من لە ڕووناکی و ڕۆژ دەپارێزێت و

نامەوێت ئەم کاتە بە کۆتایی بگات

چونکە کاتەکان

لە دەست چوون

هەر بۆیە

تۆم خۆش دەوێت

 

 

دوێنێ من

ئەوم لە باخچەی منداڵان هەڵگرت

ئەو تەمەنی پێنجساڵانە

ئەو کوڕێکی باشە

پێکەوە گفتوگۆمان کرد

لە ناکاو

خۆی زۆر بە توندی

بە منەوە گوشی و

چرپاندی:

زۆر ئاسایییانە و لەسەرخۆ بڕۆ

ئەوە ئۆتۆمبیلی پۆلیسە

تەماشای ئەوێ مەکە

ئەگەر نا

لەگەڵ خۆیاندا دەمانبەن و

لێمان دەدەن

من هیچ هەوڵێکم نەدا

جیاوازییەکانی

بۆ ڕوون بکەمەوە

کە لە نێوان پۆلیسی دیموکراتی و

ئەوانی تردا هەیە

من

بە تەواوی سەرقاڵ بووم

دەستەکانی توند بگرم و

ماسوولکە گرژبووەکانی لەشی

خاو بکەمەوە

لەگەڵ ئەوەشدا

لە گفتوگۆکانم لەگەڵیدا

چیتر نەمدەتوانی بەردەوام بم

لە گەڕانەوەماندا

دووبارە ئەوان بەرەو ڕوومان هاتنەوە:

سەگی پیس

هاوارم لێ کردن لە دوایانەوە

چیتر من بەرگەی

ئەم جۆرە لە گفتوگۆیانە ناگرم

هێرشکردنە سەر هێزی دەوڵەت

یان هەر جۆرێکی تر

دادوەر ڕوونکردنەوەی دا

من نەمدەتوانی

جیاوازییەکان نیشان بدەم

لە نێوان ترس و لەرزی

منداڵێک و

شەڕانگێزیی یەکپۆشەکانی

دیموکراتییەک

لێمیان نەدا

تەنیا

٣٨٠ مارک غەرامەیان کردم

بەڵام

کاتێک ئەو گوێی لەمە بوو

گوتی:

ئاگات لێیە، من هەر زوو

زانیم

 

 

 

سەرچاوە

Urs M. Fiechtner

…..und lebendiger als sie alle

Neuer Verlag Bernhard Bruscha, Thuringen, 1980