لازۆ ئازاد | (١٩٨٥ - )
October 25, 2026
لازۆ ئازاد، شاعیرێکی کوردە. ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کوردستان جێدەهێڵێت و لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٢ و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ یەکەم کتێبی بە هاوبەشی، بڵاو دەبێتەوە. دواتر ساڵی ٢٠١٣ یەکەم کتێبی خۆی چاپ دەکات. تاکو ئەم ساتەوەختە لازۆ ٣ کتێبی شیعری بڵاو کردۆتەوە. لە ئێستادا لە بەریتانیا دەژی. دامەزرێنەری پرۆژەی مێخەکە بۆ یارمەتیدانی منداڵ و ژنانی کورد لە بێرمینگهام. – ماڵپەڕی باڵندە
شیعر بۆ تێپەڕاندن بوو
لازۆ ئازاد
سوپاس
بۆ ڕۆشتنی
بێهەراوزەنا
بۆ هێشتنەوەی برین بە بچووکی
لەجێگای
شێوە گۆڕاو بە
بیرێکی قووڵ.
سوپاس
کە نەکراهیچ گۆرانییەکمان هەبێت (پێیی بڵێین گۆرانییەکەی خۆمان)
هیچ شیعرێکمان نەخستە سەر کێشی یادەوەری
هیچ شوێنێک و
کافێیەکی دڵنیشینش لە کۆڵانێکی دڵگیری ئێدنبرە
خۆی نەکرد بە بار بەسەر دڵەوە
دەستگرتن و پەنجەی لێکئاڵاو
خەون بوو،
هێنابوومە ڕۆژگارمەوە،
بەرگەی بەیەکەوەبوونی نەگرت،
بە ناچاری باوەشم پێدا کرد و
لە چاوتروکانێکدا
لە ناو خەونێکی دیکەدا ناشتم.