ڕۆژگار بە سپێتی دەگوزەرێ

ئومێد قەرەنی | (١٩٩٢ - )

ئومێد قەرەنی | (١٩٩٢ - )

November 15, 2026

ئومێد قەرەنی، لەدایکبووی ١٩٩٢ـی شاری هەولێرە. یەکەمین هۆنراوەی لە ساڵی ٢٠١٣ـدا نووسیوە و بڵاو کردووەتەوە.
ئومێد شیعر دەنووسێت و لە زمانی یۆنانییشەوە ئەدەبیات وەردەگێڕێت. .
فەرموون نوێترین دەقی ئومێدە لە باڵندەوە بخوێننەوە.

ڕۆژگار بە سپێتی دەگوزەرێ

ئومێد قەرەنی

​لە گەڕەکەکەمان
ڕۆژگار بە سپێتی دەگوزەرێ
ڕووداوەکان بە دیوارەکانەوە نوساون

​لە چایخانە و کۆڵانەکان
تەماشای ڕوخساری
هاوڕێیەکانم دەکەم
نایانناسمەوە!
سێبەری مرۆڤگەلێک
لە لێواری چاوانمدا
دەردەکەون و وندەبن…

​دڵم دەسووتێ
بۆ ژیانێک کە غار دەدا…

ڕۆژگار بە سپێتی دەگوزەرێ

​یادەوەرییم شێواوە
لێ ئەمن… ساڵانێکی زۆرە
بەرلەوەی لەدایک بیت، تۆم دەناسی
دایکتم لەبیرە…
شەوانە دەبووە ڕووبار
بەخوڕ دەڕژایە نێو مانگەوە!

​لە من وابوو هەر شوێنێکی دایکت
ماچ بکەم گوڵێکی لێ دەڕوێ
پاشان تۆی لێ دەپشکوێ و
دەبیتە دەستەگوڵێکی ڕەنگاڵەیی…

​”گەزۆ” تۆ دەزانی من کێم!
بەرلەوەی ئەژدیهای کات
لە چاوتروکانێک هەڵمانلووشێ
دەخوازم دیسان بە یەک بگەینەوە
وەک خۆشەویست
وەک دایک و باوک
وەک دوو زارۆک

​جانێ… دەمەوێ لە پەنام ڕۆنیشی
دەست لە پێکەنینەکانت بدەم و
هەموو ژیان لە چرکەیەکدا کۆبکەمەوە.