ئەودیو پەنجەرە

سایۆ ڕەجەب

سایۆ ڕەجەب / (٢٠٠٠ - ٠٠٠)

April 21, 2023

سایۆ ڕەجەب، ساڵی ٢٠٠٠ لە برادۆست لەدایک بووە، چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و شیعر وەردەگێڕێت، پێشتر لە ماڵپەڕی باڵندە شیعر و وەرگێڕانی بڵاو بۆتەوە. سایۆ لە ٢٤ـەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا بەشداری کرد و خەڵاتی شیعری بردەوە. 
فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری سایۆ بن.

 

 

ئەودیو پەنجەرە
سایۆ ڕەجەب

 

 

 

کاتژمێر حەوت و پانزە خولەکی بەرەبەیانە،
هێشتا دیار نییە کەشوهەوای ئەمڕۆ چۆن دەبێت
بەڵام، بەپێی هەواڵەکانی شەوی ڕابردوو
ڕۆژێکی نەختێک سارد دەبێت.
ئەگەر پەردەکە لادەیت و تەماشای دەرەوە بکەیت لەرینەوەی درەختەکان دەبینیت، هەروەها
ئەو خەڵکانەش کە بەم بەیانییە زووە
کارکردن یان خەمێک لە ماڵەوە دەریپەراندوون
بەڵام تۆ پەردەکە لانادەیت
منیش بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکەم
جەستە بێهێزەکەت هەڵدەگرم و
دەتخەمە سەر کورسییە چەرخدارەکە و
دەتبەم بۆ توالێت.

سەعات حەوت و پەنجاوپێنج خولەک:
بە هێواشی سەرت وەردەسووڕێنیت
بە دەستە بێهێزەکەت پەردەکە لادەدەیت و
تەماشای دەرەوە دەکەیت،
شەقامەکان بە ڕۆیشتنی پاسەکان سەرنجت دەبەن
چاوەکانت بۆ ماوەیەکی درێژ ناتروکێنی
کێ دەزانێ بیر لە چی دەکەیتەوە
تەماشاکردنی خوارەوە لە سەرەوە ژیانێکی ترە
لەوانەشە بتەوێت جووڵەیەک بدۆزیتەوە!
نامەوێت لە تەماشاکردنی پاس و
شەقام و درەختەکانت داببڕم
بەڵام
دەبێت دەرمانەکانت پێ بدەم.

سەعات هەشت و بیست خولەک:
دەبێ بڕۆم بۆ سەر کار
کەمێکی تر چاودێرەکەت دێت و ئاگادارت دەبێت،
منیش هەوڵ دەدەم زوو بگەڕێمەوە.
دەمەوێت پێت بڵێم:
لە نهۆمی هەشتەم دەنگی خوارەوە نابیستی
کاتێک دوو ئوتۆمبێل بەیەکدا دەکێشن و
شوفێرەکان جنێوی پیس
بە خوشک و دایکی یەکتری دەدەن
بەڵام چاودێرەکەت دەگات و
منیش قسەکەم لە سەر زمانمدا دەهێڵمەوە و
بە ماچکردنت لە ماڵ دەچمە دەر.
تۆش بە ڕۆیشتنم وەک هەمیشە خەمبار دەبی.

سەعات دوو و دوانزدە خولەکی دوای نیوەڕۆ: دەگەڕێمەوە،
لەسەر جێیەکەت سەیری دەرەوە دەکەیت
سڵاوتان لێ دەکەم بەهێواشی سەرت وەردەسووڕێنیت
بینینم بزە دەخاتە سەر لێوت.
بە پرسین لە تەندروستیت دەست پێ دەکەم
پاشان لەتێک سەموون لەسەر مێزەکە هەڵدەگرم و دەیخەمە دەممەوە
نەختێک سەبارەت بە هیلاکی کارکردن و
قەرەباڵغیی شەقامەکان قسەتان بۆ دەکەم.

سەعات سێ و نیو:
مووچەی ئەم مانگەی چاودێرەکەت دەدەم
تا بە باوەشی منداڵەکانی ڕابگات
بەڕێی دەکەم
دواتر بەدەم گوێ گرتن لە مۆسیقای واڵس سانتیمێنتەڵی چایکۆڤسکی
دەتخەمە سەر کورسییە چەرخدارەکە و
بە ماڵەکەدا دەتگێڕم.

سەعات چوار و چل خولەک:
ئامادەت دەکەم بۆ پیاسە
جلێکی گەرم و ملپێچێک، سەرچەفێک بۆ ئەژنۆکانت،
منیش پاڵتۆ ڕەنگ خەنەییەکەم لەبەر دەکەم و
بە ئەسانسۆر شۆر دەبینەوە خوارەوە.
لەگەڵ بایەکی نەختێک سارد ڕێ دەکەین
من لە دواوە پاڵ بە کورسییە چەرخدارەکەتەوە دەنێم
پارکێک بە باڵندەی سەر درەختەکان و
یەک دوو منداڵ کە یاری دەکەن دەمانوەستێنێنن
کوڕ و کچێکیش کە دەستی یەکترییان گرتووە و
تێدەپەڕن
تەماشات دەکەم
تۆش بە بزەیەک وەڵامم دەدەیتەوە.

سەعات پێنج و پەنجا خولەک:
تۆ دەکۆکیت
منیش تێدەگەم کە سەرماتە و
دەبێت بۆ مالەوە بگەڕێینەوە