لە بیرم کرد سیگار نەبم بە لالێوی ئۆتۆمبێلێکەوە

سروشت نەوزاد

سروشت نەوزاد (١٩٩١- ...)

December 7, 2022

سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناوی کێڵگەی بەتاڵەوە. لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. 

 

 

 

لە بیرم کرد سیگار نەبم بە لالێوی ئۆتۆمبێلێکەوە
سروشت نەوزاد

 

من بێناو کەوتم
ڕیتمەکان و پیشەکانم، تەنانەت
پروپووچییە ئاساییەکانم لەدەست دا
کاتێک ئێوارەیەکی ساردی زستان
بە خێرایی ئۆتۆمبێلەکەم خلیسکا
ڕووەو ڕاگری شەقامە ڕاستەکە.
زۆرن ئەوانەی لە یادم چوون
دەستەکانم تەڕبوون و هێشتاش هەستم بە هەڵخزانی سابوونەکە نەکرد
ئەو کاتەی لە ناکاو لە گەرماوەکە هاتمە دەر:
/هەڵمێکی هەستاو وەک دووکەڵی جەنگێک لە دەریا/
لێ
دواین جێگامان دەریاچە مەزنەکە،
بەلەمێکیش سەوڵەکانی دەکوتی
وەک ئەوەی بیەوێ بە ساڵەکانی خۆی بڵێت
کەمێک هێواشتر بەرەو پێش بڕوات.

ئەوانم لە یاد چوون
باپیرانم، بە خۆیان و پەنجەی خۆماڵییانەوە
ئەوانەی ئەگەر چی جامانەیەک بەسەریانەوە
سپێدان لە ماڵەکانیان دەهاتنەدەر
پۆستاڵەکانیان فڕێ دەدا و بە کێڵگە دوور و درێژەکاندا
هەڵدەگەڕان،
بست بە بستی خاکەکەیان دەپێوا.
کاتێکیش پیشەسازییان بۆ گۆرانییە هەستبزوێنەکانیان
دروست دەکرد
لە ژوورە بچووکەکەیان دەردەکێشاو
تۆوەکانیان بەو ناوەدا بڵاوە پێ دەکرد.
ئێوارانیش بەر لەوەی بگەڕێنەوە
بەهەمان ڕیتمی ڕێک و پێکی کەش و هەوا
سەردێڕی نوێیان بۆ دیمەنەکە زیاد دەکرد:
نەناسراو نەبوون ئەگەر بەرامبەر ئاوێنەکە
ڕوویان بەڕووی خۆیانەوە بنابایە و
ڕایان بگەیاندبا کە جەوێکی نایاب بەسەر دەبەن.
ئەوەیان دەکرد وەک مرۆڤگەلی ڕەسەن
بەر لەوەى کاتژمێرەکەى مەچەکیان خۆى فڕێبداتە نێو پاڵەپەستۆیەکى لەو شێوەیەى هێندە درێژ بکشێت
بگاتە سەر پلاکەکە و گڵۆپەکە بکوژێنێتەوە.

***

سەرم هەڵبڕی
لەم بەری شەقام
کاتێک لە ناکاو پیرەمێردەکە پەڕییەوە
دەست لە دەستی منداڵێکدا.
نازانم ئەگەرچی ڕەنگە دۆستێک یان کەسێکم بووبێت
گرنگ نییە،
دەزانم منداڵێکە ناوی بە نێو تونێلێکی تاریکدا هەڵدەکشێ
ئەو کاتەی تەنانەت دێڕێک دەردەپەڕێ و
دەست لە ژێر چەناگەیدا دادەنێت.
ئەوەم بینی،
هەروەها کەسێکیش کە پێدەچێت ڕووخساری زەبەلاحی گەورەساڵان بیتۆقێنێت!
لەو دورەوە بە دەشتاییە گەورەکەدا دەگەڕێتەوە،
ئەو شوێنەی شارێک تێیدا هاوار دەکات دەتوانێت بە تەواوی عاشقی زەوی ببێت.
هێلکەی خەونێک زەبەلاح وەک بیناکانی نەخۆشخانە
دەنگێکی ساوا کە دەرناپەڕێت.
ئەمە یادگەیە، کڕکەوتوو لە نێو تەختی حەب
یاخوود داماڵدراو، وەختێک تێدەکۆشێت بەرەوە پاشەوەی هەڵبگەڕێت، بۆ لای منداڵێک کاتێ کرێکارانی هێڵی تەلەفۆن مەیدانەکەیان بەجێ هێشتووە.
ئەوانەم بینی،
هەموویم بینی و
لە نێو ئەو هەموو کاتژمێر و ڕۆژگارە
لە بن نەهاتووانەی کە لە دەستم چوون
لە بیرم کرد
سیگار نەبم بە لالێوی ئۆتۆمبێلێکەوە.