من قەلەڕەشێکی ئەنارشیستم

بینەر میرزا

بینەر میرزا

July 24, 2022

بینەر فاروق میرزا، لەو گەنجە تازانەی کوردە کە شیعر دەنووسێت، بینەر لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ە لە شاری سلێمانی. پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی / بەشی تەندروستی کۆمەڵی تەواو کردووە. لە پاڵ نووسیندا کاری دیجیتاڵ ئارتیش دەکات. ئەمە یەکەمین شیعری بەینەرە لە باڵندەوە بڵاو دەبێتەوە.

 

 

 

 

من قەلەڕەشێکی ئەنارشیستم

بینەر میرزا

 

 

 

من قەلەڕەشێکی تەنیام،
لە پڕێکدا کەوتمە نێو شارستانییەت.
ئێستەکانە لەنێو گێژاوی کۆترە بێهێماکان و پشیلەی نێو زبڵدانەکاندا،
واق وڕماوم.

*

من لە ناسۆری مرۆڤەکان تێناگەم،
من بە شێوەیەکی سامناک دێمە بەر دیدەنییان،
قەلەڕەشێکم بە گەردوونێک خولیای سپی.
لەم ڕۆژانە بە سەراونخوونی،
لەنێوان درەختە خنکاوەکان، خۆم هەڵواسیبوو،
گوێم لە دوو سمێڵشۆڕ بوو،
.پێیان دەگووتم کە (ئەنارشیست)م

*

لەناو تەپە تەپی مرۆڤەکاندا
هەست بەتەنیاییە هەزار ساڵەکەیان دەکەم،
چەشنێک ئاردافی بوون لەنێوییاندا بوونی هەیە
زۆر دەترسم منیش وابووبێتم.
من قەلەڕەشێکی (ئەنارشیست)م
بە کۆمەڵێک خولیایی سپی،
دێم و دەچم
پەنجەرەی خەونم تێکدەشکێنن.

 *

 مێشکی بەرازەکانم دەخوارد
(ئەنارشیست)م تێدا بەدی نەکردووە،
کەناریەکان دەبینم لەنێو فرۆشگای ڕادیۆدا،
باڵندەکانی دیکە پێیان وایە ئازادی چەشنی سەربانەکانە.
من قەلەڕەشێکی دووکەڵاویم
کە ناتوانم بقیڕێنم
جریواندن سامناکترە؟
ئاخۆ دەژیم؟.

*

قەلەڕەشێکم
ئەگەر
بەرگی ڕەشیم فڕێ بدەم
سەرمدەبڕن.