کە منداڵ بووم
فریدریک هۆڵدەرلین
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ حەمەجان
کە منداڵ بووم،
خوداوەندێک منی لە هاوار و لێدانی مرۆڤەکان دەپاراست،
لەگەڵ درەخت و، گوڵەکاندا بە باشی و،
پارێزراوی یاریم دەکرد،
شنەبایەکانی ئاسمانیش لەگەڵ من یارییان دەکرد.
باوکە هیلیۆس،
کە تۆ ڕووەکەکانت دڵشاد دەکرد،
کاتێک چڵە ناسکەکانیان بەرەو ڕووی تۆ دەکشان،
دڵی منیشت شاد دەکرد.
ئەی مانگی پیرۆز!
هاوشێوەی ئیندیمیۆن،
من خۆشەویستی تۆ بووم.
ئێوە ئەی خوداوەندە باش و دڵسۆزەکان!
گەر دەتانزانی ڕۆحی من چەند ئێوەی خۆشدەویست.
دروستە، لەو ڕۆژانەدا
من ئێوەم بە [ناو] بانگ نەدەکرد،
ئێوەش هەرگیز هیچ ناوێکتان لە من نەنابوو
وەک مرۆڤەکانی دی، کە بە ناوەکانیان یەکتری دەناسنەوە.
وەلێ من ئێوەم باشتر دەناسی وەک لە مرۆڤەکان،
من لە بێدەنگیی ئاسمان تێگەیشتم،
بەڵام هەرگیز لە زمانی مرۆڤەکان تێنەگەیشتم.
درەختەکان مامۆستای من بوون،
دەنگی هارمۆنیی ئەوان منیان فێر کرد.
من لە ناو گوڵەکاندا فێری عیشق بووم.
من لە ئامێزی خوداوەندەکاندا گەورە بووم
سەبارەت بە شیعرەکە
هۆڵدەرلین ئەم شیعرەی لە نێوان ساڵانی ١٧٩٧-١٧٩٨دا نووسیوە؛ واتە نزیکەی ساڵێک دوای ئەو شیعرەی کە هیگڵ پێشکەش بە ئەمی دەکات (ئیلیووسیس). لە وەرگێڕانەکەدا بە پلەی یەک، پشت بەستراوە بە ڤێرژنە ئینگلیزییەکە و بۆ گومانکردن لە مانای هەر وشەیەکیش چاو لە تێکستە ئاڵمانییەکە کراوەتەوە؛ هەڵبەت دەقە فارسییەکەش پشتگوێ نەخراوە.
هۆڵدەرلین لێرەدا پەنا دەباتە بەر چەمک و ئەفسانەکانی گریک؛ عیشقی مانگ بۆ ئنیدیمیۆن (Endymion)، تەمەنی پاکیی منداڵی، ژیان لەگەڵ سرووشت و فێربوونی عیشق لە گوڵەکانەوە.
من لە ناو گوڵەکاندا فێری عیشق بووم.
من لە ئامێزی خوداوەندەکاندا گەورە بووم
شیعرەکە کۆی ڕەگەزەکانی ڕۆمانسیزمی تێدایە: دڵداری، وەسفی سرووشت، گەڕانەوە بۆ منداڵیی… هتد. بێئومێد-بوون لە مرۆڤەکان و تێنەگەیشتن لە ئیماژەکانیان، ڕووکردنە ئاسمان وەکوو مەئوای لەدەستچووی مرۆڤ. یادکردنەوەی چرکەساتی کەوتنەخوارەوە (Falling off-هبوط) وەکو نۆستالیژیا بۆ ئەو بەهەشتەی لێوەی دەرکراوە؛ یان هەروەکوو هایدیگەر کە دەڵێت: ئێمە تووڕ دراوینەتە نێو بوونەوە، وەکو ئەوەی بیەوێت بڵێت ئێمە مەحکومین بە بوون، تووڕدانێکی بە ئازار، سەرەتا وەکو هاتنێکی ناوادە، کۆتاش وەکو مەرگێک کە هەرکات بێت کاتی ئەو نییە و، بە هاتنیشی کۆتایی بە کۆی پرۆژەکانی بوونی دازاین(Dasein)دەهێنێت. بۆ هایدیگەر شیعر ئەو دەسکەلایەیە کە دەتوانێت لە بەخۆنەبوونی-بوون و هەژموونی تەکنەلۆژیا(techne- τέχνη ) ڕزگارمان بکات. هایدیگەر بۆ ئەم مەبەستە نزیکەی سێ جار، لەنێوان ساڵانی (١٩٣٢-١٩٤٢) تەرخان دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە شیعرەکانی هۆڵدەرلین. ڕەنگە ئەوەی هایدیگەر دەیڵیت، جوانترین تەفسیر بێت بۆ ئەوم دێڕەی هۆڵدەرلین، کە دەڵێت: ‘قسەکردن سەبارەت بە زمان، زۆر گرانترە لە نووسین لەسەر سکوت!’.
من لە بێدەنگیی ئاسمان تێگەیشتم،
بەڵام هەرگیز لە زمانی مرۆڤەکان تێنەگەیشتم
نابێت هیگڵمان بیر بچێت، ئەو زۆر بەجوانی وەسفی ئەم دۆخە دەکات کە هۆڵدەرلین لای لێکردووەتەوە، ئەو لە دەستپێکی فینۆمینۆلۆژیاکەیدا، پرۆپۆزیشنی هەشتەم، دەڵێت:
‘مرۆڤ لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکاندا چاوی بڕیوەتە ئاسمان و، هەموو شتێکی سەبارەت بە خودا(Divine) لەبیر کردووە؛ هاوشێوەی کرم لە نێو پیسیی و ئاودا خۆی شاردووتەوە. لە کاتێکدا لەوەو پێش، مرۆڤەکان ئاسمانیان هەبوو! دەزووی تیشکێک بە ئاسمانەوە گرێی دابوون؛ سەرباری ئەوەی لە نێو جیهاندا بوون، دەیانڕوانییە ئەودیوی جیهانەوە. هۆش وەکو گەڕۆکێی نیو بیابان کە بە دووی قومێک ئاودا وێڵ بوو، وا دیارە هەستکردنێکی ڕووت(bare feeling) بۆ خودا تینوێتیی دەشکێنێت.‘
تێڕوانینی هیگڵ بۆ شیعر دیالێکتیانەیە، واتە شیعر دەبێتە قۆناغێک لەو قۆناغانەی کە دەبێت ڕۆح پێیدا گوزەر بکات. بۆ ئەو، شیعر لە هەموو ژانرەکانی(Genre) تری هونەر(پەیکەر، تابلۆ، مۆسیقا) باڵاترە، چونکە شیعر لە بەندی ماددە و شوێندا قەتیس نابێت و ئازادە لەو دووانە، لە کاتێکدا جۆرەکانی تری هونەر وا نیین.
شایەنی باسە، فریدریک هۆڵدەرلین(١٧٧٠-١٨٤٣) هاوڕێ و هاوعەسری هیگڵ بووە، پێکڤە لەگەڵ شێڵینگ و هیگڵ، بە یادی سەرکەوتنی شۆڕشی فرەنسا نەمامێک دەڕوێنن و ناوی دەنێن داری ئازادی. هۆڵدەرلین لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا تووشی نەخۆشی شیزۆفینیا دەبێت و لە ساڵی ١٨٠٧(ڕێک ئەو ساڵەی کە هیگڵ فینۆمینۆلۆژیا بڵاو دەکاتەوە) بەتەواوی شێت دەبێت و، هەتا کۆتایی تەمەنی بە تەنیا لە سەربانێکدا، ژیان بەسەر دەبات. – هاوار بەرزنجی
پەراوێزەکان
١. بۆ سەرچاوەی شیعرەکە (دەقە ئینگلیزی و ئەڵمانییەکە)، بڕوانە
Friedrich Hölderlin, HYPERION AND SELECTED POEMS, Page 136, 137
٢. هیلیۆس: خۆر
٣. ئیندیمیۆن: شوانێکی گەنجی جوان بووە، کە مانگ عاشقی دەبێت. کاتێک زیوس بەمە دەزانێت، مانگ لەنێوان مەرگ و خەوی هەمیشەیی ئیندیمیۆندا دادەنێت، مانگ خەوی هەمیشەیی بۆ هەڵدەبژێرێت. بۆ ئەوەی بەو کارە هەمیشە بمێنێتەوە و جار جارە چاوی لێ بکات.
٤. شایەنی باسە کە دەستپێکەکەی هیگڵ؛ دوای کۆتایی هاتن بە فینۆمینۆلۆژیای گایست نووسراوەتەوە، پێشەکییەکە نەک هەر بۆ کتێبەکە، بەڵکو بۆ کۆی ئەو مەنزوومە فەلسەفییەیە کە هیگڵ لە مێشکی خۆیدا بەرنامەی بۆ داڕشتبوو. دەبوو فینیۆمینۆلۆژیا بەشی یەکەمی ئەو سیستەمە بێت، زانستی لۆجیکیش ببێت بە بەرگی دووەم، لێ لە ساڵانی دواتردا هیگڵ ئەم تێڕوانینەی دەگۆڕێت و، کتێبی لۆجیک وەکو بەشێکی سەربەخۆ بڵاو دەکاتەوە.
بۆ زیاتر بڕاونە(Hegel’s Phenomenology of Spirit, Translated by: Parois Emad and Kenneth Maly, 1980 Martin Heidegger,).
٥. د. محەمەد کەمال، نیهێڵیزم و ڕەهەندەکانی بیرکردنەوە، ل ٨٥-١٠٥، ٢٠٠٥.
٦.Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated b: A. V. Miller, Page 5
٧. مارتین هایدگر، شعر-زبان-و اندیشەای رهایی، ترجمە: دکتر عباس منوچهری.