نیکیتا گیل شاعیر و وێنەکێشێکی هاوچەرخی بەریتانی-هیندییە و لەشاری بەلفاستی بەریتانیا، لە ساڵێ ١٩٨٧ لەدایکبووە، لە دەوروبەری دارستانێکدا لە ئینگلتەرا دەژی. زۆرتر حەزی بە گۆشەگیرییە. خاوەنی چەندین کتێبی شیعرییە، بەناوبانگترینیان بە ناوی (ڕۆحت ڕووبارە)یە لێرە دەتوانن دوو شیعری نیکیتا گیل بخوێننەوە-باڵندە.
نیشتیمانەكەتیان لێ بردی و ناویان لێ نایت پەناهەندە
نیکیتا گیل
وەرگێڕانی: تاهیر عەبدولواحید
دەنگى شكانى دڵ
بەڕاستى شتێكى ترسناك و تۆقێنەرە
كاتێک كە دڵەكان دەشكێن، هیچ دەنگێكیان لێوە نایەت
پێكدادانى ماشێنەكان بەدەنگی تەقینەوە كۆتایی دێت
کەوتنەخوارەوەش بەدەنگى گرمە
تەنانەت لە نووسینیشدا
پێنووس ،كاغەزەكە دەڕوشێنێت و خشپەى دێت
بەڵام شكانى دڵ تەواو بێدەنگە
هەروەك بڵێى كە هیچ كەس
تەنانەت خودى گەردوونیش
نەتوانێت دەنگێك دروست بکات بۆ ئەم كاولبوونە
وەك ئەوەى بێدەنگى تاكە ڕێگە بێت
كەگەردوون لێوەی ڕێز لەدڵێکی داڕوخاو بگرێت.
نیشتیمانەكەیان بردیت و ناویان لێناى پەناهەندە
نیشتیمان زوبانێكە
لە نێو دەمى خۆتدا گەشەت پێكرد
ئێستا چیتر لەهیچ شوێنێكدا بوونی نەماوە
بەڵام لە نێو دڵ و لە نێو سەرتدایە
نیشتیمان ئەوشوێنەیە
كە لە سەرت پێویست بوو مناڵەكانت فێر بكەى
چۆن هەڵبێن لەو پیاوانەى كە جەنگ و خوێنیان پۆشیوە.
نیشتیمان ئێستا ئەفسانەیە
چیرۆكى ئەو شوێنەیە كە تیایدا گەورە بوویت،
بە دڵخۆشى و بە ئارامى
بەرلەوەى ئاگر لەتەواوى دونیاكەت بەردەن
نیشتیمان ئەو شوێنەیە كە تۆ ڕوەو دەریا ڕادەكەیت
چونكە ئەو جێگەیەى بەیەكجارى وابەستەى بوویت
ئێستا چیتر ناوى تۆى بیرنەماوە
نیشتیمان پەناگەى تۆ بوو
ئێستاش، دواى ئەوەى دڵڕەقانە
لێیان داماڵیت
پێت دەڵێن پەناهەندە