خەبات عارف ناوێکی دیاری نێو ئەدەبیاتی کوردییە. ساڵی ١٩٥٩ لە سلێمانی لە دایک بووە و ساڵانێکیشە لە سوێد دەژی. لە سوێدییەوە وەردەگێڕێت و لە بواری شیعردا “ئێوارستان”ـەکەی پییەر لاگەرکڤیست و “گوێ بگرە پیاوی بچووک”ـەکەی ویلهێلم ڕایش بە وەرگێڕانی ئەو بەناوبانگن. هەروەها شیعرەکانی سوێدەرگرانی کردوون بە کوردی. خەبات عارف خۆیشی شاعیرە و لە نێوەڕاستی حەفتاکانەوە دەنووسێت. “سەوزێکی کاڵ بوو دەباری” ناوی کۆشیعرەکەی ئەوە. – ماڵپەڕی باڵندە
لەوێ دەبم
خەبات عارف
بەیانییەک دەچم و
من لەوێ نیم،
لە دارستان
دارەکان بەڵام
ماون لەوێ
گوڵ و
مەلەکانیش
هەروەها:
هاوڕێیەکانم؛
ئەوانەی مرۆڤ
پێڵاوە خوێناوییەکانی
لە ڕقی خۆی و
لە داخی ئەوان
بە من
دەسڕی؛
ئەوانەی سەرمیان
دەگرتە سەوزەڵان
دڵیشم لە جریوە و
ڕەنگ.
بەیانییەک دەچم و
ئەوان وەک هەمیشە
لەوێن و
لە بەرایی ئەوینێکی
گیانی
بە گیانیدا
تا دنیا دنیایە
دەمچێنن و
گۆڕم
لە ڕق
دەپارێزن و
لە خوێنیش.
بەیانییەک
دەچمەوە و
تا دەمرمەوە
لەوێ
دەبم.
6/5/2021