ئەگەر ئەوان دەیانەوێت

لازۆ ئازاد

لازۆ ئازاد/ شاعیری کورد

December 1, 2021

لازۆ ئازاد، شاعیرێکی کوردە. ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کوردستان جێدەهێڵێت و لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت.  لە ساڵی ٢٠٠٢ و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ یەکەم کتێبی بە هاوبەشی، بڵاو دەبێتەوە. دواتر ساڵی ٢٠١٣ یەکەم کتێبی خۆی چاپ دەکات. تاکو ئەم ساتەوەختە  لازۆ  ٣ کتێبی شیعری بڵاو کردۆتەوە. لە ئێستادا لە بەریتانیا دەژی. دامەزرێنەری پرۆژەی مێخەکە بۆ یارمەتیدانی منداڵ و ژنانی کورد لە بێرمینگهام. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

دوو شیعری نوێی لازۆ ئازاد

 

 

 

 

ئەگەر ئەوان دەیانەوێت

 

ئەگەر دەیانەوێت دەرگاکە بکەنەوە و بڕۆن
تۆ گوڵەکانی خۆت ئاو بدە
لە پەنجەرەکەوە لەو دنیا جوان و دڵڕفێنە بڕوانە،
لە بیرت بێت گوڵ و ئینجانەکان هی تۆن.

 

 

هاتن و رۆشتنیان تەنیا چیرۆکێکە
تەنیا خەونێکی نیوەشەوە
کە زۆرجار بۆ ئارامیت گرنگە رۆژ بێتەوە

خەنجەرەکە ژەهراوی بوو
ئەم خۆیی بۆ جۆرێکی تر لە مردن ئامادە کردبوو:
بۆ نموونە لە باوەشیدا
نەک لەبەر پێیەکانی!

 

 

 

 

 

 

دڵێکی سووری بچکۆلە

 

تاڵە سپییەکان لەناو پرچیدا کەوتبوونە خۆنمایشکردن.
دەست و پەنجە باریکەکانی وەک جاران نازیان بۆ نەدەکرا، ئەوان بەردەوام تەزییبوون
سەرباری ئەمانە ئەو هێشتا دڵێکی سوری بچکۆلەی هەبوو لە زۆر شتی ئەم جیهانە تێنەدەگەیشت
بۆ نموونە جەنگ
یان هەژاریی…

چیرۆکەکان تەواو دەبوون
هەموو جارێک بە کوڵ بۆیان دەگریا
ئەو هێشتا  باوەڕی وابوو هەموو کەوتن و جێگا برینێک ماچێکی بەسە بۆ چاکبوونەوە..
خەونی  هەبوو چیرۆکەکان تەواو نەبن.
خەونی هەبوو برینەکان بە ماچ چاک ببنەوە هەر وەک ئەوەی بە منداڵی پێی گوترابوو!
بەڵام ئەم دڵێکی سوری بچکۆلەی هەبوو لە درۆ تێنەدەگەیشت!

 

هەنگاوەکانی وەک جاران بەدەم بازدان  و سەماوە بەرەو شوێنێکی دیکەیان نەدەبرد،
ئەو رەزامەند بوو لە ماڵێکی ئارامدا خەون بە گەشتەکانەوە ببینێت،
خەون بە شارو مۆزەخانە و کتێبخانەکانەوە
بە گوند و چیاو و دارستانەکانەوە،
بە نرخی ئەوەی لە مرۆڤە دڵرەقەکان بەدوور بێت،
چونکە ئەو دڵێکی سوری بچکۆلەی هەبوو هیچ لەدڵڕەقی تێنەدەگەیشت!