بەشدار سامی، شاعیر و فۆتۆگرافەر، ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە و زیاد لە دە ساڵە دەنووسێت. تا ئێستا سێ کتێبی شیعریی چاپ کردووە: «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان» و «ئەمڕۆ شەممەیە ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات». لە نووسینەکانیدا بەردەوام هەوڵی داوە لە خۆی بدوێت و نیگەرانییەکانی دنیای تایبەتیی خۆی بکات بە شیعر.
بەشدار سامی
بیرم ناکەوێتەوە ڕۆژ و مانگ و ساڵی چەند/
بەڵام هەر دەڵێیت ئێستایە/ لەسەر تەختی خەوەکە بە تەنیا بەجێی هێشتبووم/ سەرەڕای ئەوەی من ئازارم هەبوو/
تیشکی خۆر لە درزی پەنجەرەکە هاتە ژوورەوە/ خۆم گەیاندە بن دووشەکە و بە ئاوێکی تا ڕادەیەک سارد
خۆمم تەڕ کرد/ پاشان چونکە دڵنیا بووم ڕۆیشتووە
خواردنی بەیانیم بۆ یەک نەفەر ئامادە کرد/ لەتێک نانم بە قاژێک پەنیر خستە دەممەوە/ چایەکەم فڕ کرد/ بۆ ئەو بەیانییەی گوێی لە فەیرووز گرت و ڕابردووی دڵتەنگی کرد و چایەکەی نەخواردەوە و چوو ئاوێکی بە ڕووخساری زەردهەڵگەڕاویدا کرد تا فرمێسکی بشارێتەوە/ گوێم لە فەیرووز گرت و بەیانییەکی ساڵانی کۆنم بیر کەوتەوە کە بۆ یەکەم جار ڕۆیشتنی کچێک کە خۆشم دەویست گریاندمی/ لەو ڕۆژانەدا هەمان کچ بە شێرپەنجە ئەم دنیایەی بەجێ هێشت منیش ناتوانم بیریان لێ نەکەمەوە و خەمبار نەبم/
لە هۆڵەکەدا نەختێک هاتوچۆم کرد/ لە تاقەکەدا کاسێتێکی فەرهاد زیرەکم لە ڕیزی کتێبەکان داناوە/
نەختێک بە دیاریەوە بە پێوە مردم/ ئیدریسم لە بیرە کە حەڤدە ساڵ لەمەوبەر یان زیاتریش پێی دام و گوتی ئەو دەنگە هەڵبگرە و منت لە بیر بمێنێتەوە/ هەڵمگرت و لە بیرم ماوەتەوە/ سەرەڕای ئەوەی هیچ هەواڵێکی نازانم/
بە-تەنیا-مانەوەم ناوی تۆی خستەوە بیرم، شەفیقەفەندی.
کە ساڵەهایە هیچ هەواڵێکت نییە
چوومە بەردەم پەنجەرەکە و پەردەم لادا و
ڕووەو باکوور بە دەنگی بەرز، گوتم:
نیوەڕۆت باش
دڵنیا نیم دەنگمت بیستبێت بەڵام
هەمیشە دڵنیام تۆ نیوەڕۆیان خەبەرت دەبێتەوە.
ئەگەر مردم
گلەیی لە قاچەکانی دەکەم، بەخوا.
لە دژوارترین ڕۆژەکاندا بەجێی هێشتم/ کراسە سوورەکەی لە بەر بوو/ بە پلیکانەکاندا چووە خوارەوە/ نەختێک لەسەر شۆستەکە وەستا/ جگەرەیەکی لە پاکەتەکەی دەرکرد/ بە دوای چەرخەکەی لە گیرفانیدا گەڕا/ با قژی جووڵاندەوە/ سەری بەرز کردەوە تا ئەو پەنجەرەیە ببینێت کە لەوێوە هاتوچۆی خەڵکیمان لەسەر شەقامەکان دەبینی/ پاشان دەستی هەڵبڕی و
تاکسییەکی نەفرەتی سەری خست و نازانم بە چەند دینار دووری خستەوە/
لەوە زیاتر تۆمار نەکرابوو!
لە باڵکۆنەکەدا بە تەنیا دانیشتووم و
تەماشای خوارەوە دەکەم
هەر دەڵێیت ئەو ساڵەیە کە بەرەو باکوور کۆچت کرد و
منت لەو شارە کە هیچکات خۆشم نەویست بەجێ هێشت
بەهەرحاڵ شەفیقەفەندی
یادت بەخێر.