سومەییە جەلال، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٩یە لە شارۆچکەی چەمچەماڵ. لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا یەکەم شیعری نووسیوە و ئێستاش هەوڵەکانی بەردەوامن، ئەمە یەکەمین دەقی ئەوە لە ماڵپەڕی باڵندە بڵاو دەبێتەوە.
ئاوەدانکردنەوەی خانوویەکی گڵ لەگەڵ تۆ
سومەییە جەلال
لە ڕێگەی نێوان شارم و شارت
گەر جارێک تێپەڕیت، بڕوانە خانوویەکی گڵ لەسەر ڕێت
لە پەنای شاخ هەڵچنراوە
سێبەر دراوسێیەتی
زەمەن دەرگا و پەنجەرەی بردووە و
دیواری پرتووکاندووە
باخچەی کوێرکردووەتەوە و درەختی ون!
پێم بڵێ…
بیر لە چی دەکەیتەوە؟
خۆم: یەکەم ماچ و یەکەم باوەش تێیدا
پێم بڵێ خۆزگەی چی دەخوازی؟
خۆم: یەکەم ماچ و یەکەم باوەشمان لەوێدا.
دیواری دەدەمە دەست تۆ
درزی بدە دەست من
دەرگا و پەنجەرەی دەدەمە دەست تۆ
پەردە و مەرکانەی بدە دەست من
ئاوێنەی دەدەمە دەست تۆ
تابلۆی ناو تاقی بدە دەست من
تیشکی دەدەمە دەست تۆ
شکۆفەی بدە دەست من
باخچەی دەدەمە دەست تۆ
گوڵی بدە دەست من
گۆرانیی دەدەمە دەست تۆ
سەما بدە دەست من
یادەوەریی دەدەمە دەست تۆ.
پێم بڵێ بیر لەچی دەکەیتەوە؟
خۆم…
ئاوەدانکردنەوەی خانوویەکی گڵ،
کە زەمەن دەرگا و پەنجەرەی بردووە و دیواری پرتووکاندووە
لەگەڵ تۆ…