ئایا نیم؟

دابان عەتار | (١٩٩٠ - )

دابان عەتار | (١٩٩٠ - )

September 15, 2024

دابان عەتار ساڵی ١٩٩٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە بوارەکانی ڕۆمان و چیرۆک و شیعردا دەنووسێت و لە ئێستادا خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە، ئەوانیش، (تابووتی خۆڵەمێش-ڕۆمان- ٢٠١٨)، (ناچیرۆک ٢٠١٩)، (کتێبی نا -شیعر-٢٠٢٠). فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری دابان بن

 

 

ئایا نیم؟
دابان عەتار

 

 

 

پێم بەم شەقامانەوە دووراوە؟
ئیدی خۆر لە منەوە هەڵنایا؟
کارێز لە دەستەکانی منەوە ناژیەتەوە؟
سەرم غەرقی دووکەڵە؟
هێند بێمانام خەریکە بڵێم ‘نیم’

هێند تەنیام! خەریکە لە ژێر پێکانتان بپلیشێمەوە؟
دڵم لەم زیندانە بچووکەدا چرکەچرکییەتی؟
حەزم لێیە کەسێک لە شوێنێک چاوەڕێم نەبێ؟
چاوەڕێتان نیم؟

زەوی بە کۆڵتەوە گەنیوە؟
ئەی بەرزەمرۆ!
ئەی کۆنترین ئەمڕۆ!
خۆرت قانگداوە؟
مانگ بەسەر وێرانەیەکدا دەگریا؟
گەنمەجاڕ لە گیرفانی چەپی ڕۆژگاردا ڕەش دەچێتەوە؟
ئێرە بۆچی هێند قەفەسە؟
هێلانە بۆچی پاسەوانی باڵە؟
باڵ تا کەی لە دەستەکانم ناڕوێ؟
تاکەی تەیارۆکە پوشکەبەقوونەی زلهێزەکان بێ؟
منداڵانی ئێرە بۆ هێند پڕن لە زەویکوژی؟
زەویکوژ بۆ هێند زانایە لە پاساوی ڕەشاو؟
لەناو سینگی هەوادا دووکەڵی و بەسەر شەقامەوە گزۆز؟
قومێک نەوتاو دەکەیت بە دەمی گیرفانتەوە؟
کۆخە دەخەیتە دەمی شارێکی ڕزیوەوە؟
چەندجار جەستەم دەفرۆشی، چەندبار هەڕاجە ئەم وێرانەیە؟
فانۆسیت یا فاڵۆسیت؟
خانووی دێوەکانیت یا دێوەکەیت؟
کوپێک خەونووچکە تاڵترە یان قاوەت خەواڵووتر؟
بریا جاڕمدابایە; نیم!
بەڵام ئایا بەڕاستی نیم؟