ژووری سێبەرەکان

سروشت نەوزاد (١٩٩١ - )

سروشت نەوزاد (١٩٩١ - )

February 22, 2025

 

 

ژووری سێبەرەکان

سروشت نەوزاد

 

 

خۆشحاڵ دەبم بە هەڵگرتنەوەی
ئەو سێبەرە زەبەلاحەی
لە ناکاو لە بەردەمم دەکەوێتە خوار!
ئەگەرچی مات و بێدەنگ،
عابایەکیش تووند لە ڕووخساری!
لێ، من هۆگری نادیارییم
هۆگری تەنیایی، بە تایبەت کاتێ ڕەنگە چیایەک
یان کێڵگەیەک
هەر هیچ نەبێت ئەو جۆگەلە درێژە ببینم
کە بە ناویدا ڕۆ چووە و لەسەرخۆ
هێدی هێدی ڕێ دەکات…

خۆشحاڵ دەبم بە هەڵگرتنەوەی چیایەکی غەمگین!
وردوخاشکردن و دەستکاریکردنی
لەسەر مێز و ژووری تایبەت بە نووسین.
پاشان داگیرساندنی پلاکێک
تا ڕووناکییەکە بەو گۆشەیە بگات
کە ناومی لەسەر هەڵکۆڵراوە.
هەندێک جاریش وەک ئەوەی پێشبینی دەکرێ
خەیاڵ دەپچڕێت
ئەگەرچی وا دەردەکەوێت مەست بە بێدەنگی
ژوورەکە بووبم و
گرنگ نەبێت بۆم کاتێک ئەگەر ژنێک
دەسکی دەرگاکە بسووڕێنێت و مل بۆ ناوەوە درێژ بکات!
بەڵام دەزانم زەحمەتە خانەنشینبوونی
زەنگی ئەو تەلەفۆنە
زەحمەتە فڕێدانی پێڵاوەکانی مێژوو
فڕێدانی گریان و هەڵاوسانی سپڵ
پاشان
هەرەسهێنانی فریاگوزاریی سەرەتایی،
ئەو کاتەی بە خێرایی چەندین کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا
دێت و لە دەرگا دەدات،
کە دەیکەمەوە بێگومان نایبینم، نـــــا،
هیچ کەسێک، بێگومان نــــــا.
دەزانم زەحمەتە سڕینەوەی ناوی سەرکێلەکە
هەروەها هەڵگەڕانەوەی گۆڕێ
وا ئێستا لەسەر قەدپاڵی چیاکە دانیشتووە و
چایەکەی دەخوات.

خۆشحاڵ دەبم بە هەڵگرتنەوەی کێڵگەیەک کاتێک
دارە چڕەکان بە درێژایی کانیاوەکە خۆیان دەنوێنن
ئەو دیمەنەی بە هێمنی فرتە دەکاتە بەردەستمان
ئەگەر بێت و قۆڵێک و داسێک وەلابنێین، نادڵنیا،
وەک ئەوەی بە نێو گژوگیا بەرزەکاندا وەربچەرخێت.

هەروەها خۆشحاڵ بە هەڵگرتنەوەی ئەو
شەقامە بەرینەش
ئەگەرچی جەنجاڵ بە مارکێت و فرۆشگاکانی
بە گەشتیاران و
پیاوان و ژنانی دەستگیراندار، کاتێک دەست
لە نێو پاڵتۆکانیان دەنێن و
جەستەیان بە تەنیشت یەکەوە دەڕوات.
ئەوانەی وا دەنوێنن وەک ئەوەی ڕەوە باڵندەیەک بن
نیشتەجێ لە درەختێکدا،
هەر شەوێک تێدەکۆشن
جەستەیان لە خۆیاندا بپێچنەوە و
گوێ لە ترپە ئارامەکانی خەونیان بگرن لە ژووری نووستن بە دیواری ئەستوور و بێ وێنەوە.
لێ، دڵ نائارامە لەو شوێنە
دەردەپەڕێ و بە دوای سیڤیەکانی کاردا دەگەڕێت.
پاشان لەسەر مێزی چێشتخانەکە دادەنیشێت
تا کوپێکی ڤالیۆمی پڕ لە شیر بکات.

خۆشحاڵ دەبم بەو شیعرە درێژەی
ئەگەرچی پڕ سێبەری زەبەلاحە!
مات، بێدەنگ و نادیار.
ئەو دەریاوانە کۆنەیەی بە تووندی قۆڵەکانم دەگرێت!
ئەو چەمکانەی کە بە کلکی مارێکەوە دەلکێن
ئەو مانایانەی کە ڕەش داگەڕاون و
بە نێو بۆرییەکی تەسکی دوو ئینجییەوە دەردەچن
لی، من وشەسازییم لە بەرامبەریاندا بەهێزە!