نزار قەببانی، شاعیری سووری، لە ٢١ـی مارسی ١٩٢٣ـدا لە دیمەشق لە دایک بووە. لە ٣٠ـی ئەپڕێڵی ١٩٩٨ـدا لە تەمەنی ٧٥ـساڵیدا لە لەندەن کۆچی دواییی کردووە. بە شاعیری ژن و خۆشەویستی ناسراوە. لە شانزدەساڵییەوە دەستی کردووە بە شیعرنووسین و لە شارەکانی وەک قاهیرە، لەندەن، بەیرووت و مەدرید کاری دیپلۆماسیی کردووە و لە ساڵی ١٩٦٦ـدا کاری سیاسیی واز لێ هێناوە و هەموو ژیانی بۆ شیعر تەرخان کردووە. بە شکست و پاشەکشەی عەرەب لە مەسەلەی فەلەستین، لە شیعری ئەڤیندارییەوە ڕووی کردە شیعری سیاسی و بەرگری. خۆکوشتنی خوشکەکەی لە ئەنجامی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتییەوە(١٩٣٨)، مەرگی کوڕە لاوەکەی بە نەخۆشیی دڵ، کوژرانی ژنەکەی (بەلقیس ئەلراوی) لە تەقینەوەکەی سەفارەتی عێراقدا(١٩٨١/بەیرووت)، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بەسەر شیعری ئەوەوە هەبوو. قەببانی دەڵێت: «ئەڤین لە دنیای عەرەبیدا وەکوو دیل و کۆیلە وایە و من دەمەوێت ڕزگاری بکەم. دەمەوێت ڕۆح و جەستەی عەرەب بە شیعرەکانم ئازاد بکەم. پەیوەندیی نێوان ژنان و پیاوان لە دنیای ئێمەدا دروست نییە.» لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: «سەبارەت بە شیعرەکانم دەبێت سوپاسی سەفەر بکەم.» یەکەمین کتێبی لە ١٩٤٤ـدا بڵاو کردووەتەوە. – باڵندە
باڵندەکانی تشرینم خۆش گەرەکن
نزار قەببانی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: پشکۆ نەجمەدین
من دەخوازم، سات نا ساتێ،
وەک باڵندەکانی تشرین،
بزر ببم!
دەخوازم لە دووی نیشتیمانی نوێ،
نیشتیمانێکی چۆڵوهۆڵ،
کە لەوێدا، زەوین قەستەسەرم نەبێ و
خودا هەڵنەکوتێتە سەرم،
هەردەوێڵ بم!
دەخوازم؛
لە پێستم،
لە دەنگم،
لە زمانم هەڵبێم و
هەر وەکوو بەرامەی باخچەکان،
لە سێبەر و ناونیشانم،
لە ڕۆژهەڵاتی خورافە و کوڵەوەیباب،
خەلیفەکان،
میر و پادشا و سوڵتانەکان،
هەڵبێم، سەری خۆم هەڵبگرم!
من دەمەوێت، وەک باڵندەکانی تشرین،
عیشق و خۆشەویستی بکەم،
ئەی خۆرهەڵاتی سێدارە و کێرد و چەقۆ،
لە تۆ هەڵبێم… لە سوڵتان و لە میرەکان!