دلاوەر قەرەداغی | (١٩٦٣ - )
August 3, 2025
دلاوەر قەرەداغی ساڵی ١٩٦٣ لە سلێمانی لەدایکبووە. یەکێکە لەو شاعیرانەی بە نزیکەیی ٣٠ ساڵ دەبێت بووە بە ناوێکی دیار لە ناوەندی ئەدەبی کوردیدا. ئەزموونە شیعرییەکەی دەتوانین وەک ئەزموونی نەوەی یەکەمی دوای ڕاپەڕین ناوی ببەین، لە سالی ١٩٩٢ بە کۆمەڵە شیعری پەیکەرێک لە باران دەست پێدەکات و تا ئێستا زیاتر لە ١٠ کتێبی شیعری هەیە.
.شیعرەکانی دلاوەر قەرەداغی بۆ زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی سویدی وەرگێردراون.
بەدەر لە نووسینی شیعر دلاوەر قەرەداغی وەرگێڕێکی بەتواناشە. بەردەوام کارێکی وەرگێڕانی لەبەر دەستیدایە و چەندین ڕۆمان و چیرۆک و بایۆگرافی و شانۆنامەی کردووە بە کوردی، کۆی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی تاکو ئێستا نزیکەی ٥٠ بەرهەمی ئەدەبییە._باڵندەلە باڵندەوە بفەرموون بۆ خوێندنەوەی نوێترین شیعری دلاوەر قەرەداغی
دونیام تەی کرد
دڵی مرۆڤم کردە نیشان
ڕێگەم لێ هەڵە بوو
دیسان تێهەڵچوومەوە و
کەوتمەوە گەڕان
ماندووبووم لە دووبارە
لە هاوشێوە
لە هاوڕا
لە لەیەکچوو
لە بەسەرچوو
لە گوتراو و دیسان گوتراو
بێزار بووم لە کۆن
لە ڕاست
لە هەموار
لە تەخت
لە سوواو و نەگۆڕاو
ڕێگەم لەمسەر تا ئەوسەری دونیا
لە هەنگاوێکدا کورت کردەوە
دەریام لە دڵۆپێکدا
کۆ کردەوە
زمانم لە دێڕێکدا
چڕ کردەوە
تەماشام لە کڵاوڕۆژنەیەکدا
ئاسمانم لە نیگایەکدا
گەردوونم لە گۆرانییەکدا…
تۆ کە هێندەی تنۆکێک بووی
بوویتە ڕووبار
کە خەونت هێندەی بستێک بوو
بووە شار
کە ترۆپکت نوختەیەک بوو
بووە چیای هەزار بە هەزار
کە حەکایەتت هێندەی پیتێک بوو
بووە زمان
کە ئاگرت هێندەی پزیسکێک بوو
کەوتیتەوە و دارستانت هەر هەموو هەڵایساند
کە زریوەت هێندەی تروسکەیەک بوو
بووە ئەستێرە و کشای
ئەمسەر و ئەوسەری زەویت
بە دەزووی تیشک پێکەوە دادووری و،
بوویتە سەخت و
بوویتە تازە و
بوویتە هەڵەت و؛
بوویتە گۆڕاو و
بوویتە نەگوتراو و
دێڕ دێڕ گووترای!
بەحاڵ بانگت کردم
بانگت دەنگی دایەوە
یەک بە گوێی ئەویتریدا دا
یەک بۆ ئەویتری درکاند
یەک بەویتری گەیاند
بەرد بە باڵندەی ڕاگەیاند
لم بۆ زنەی برد
بولبوول بۆ چڵی چریکاند
کیسەڵ پەلەپەل هات و
بە گوێی سمۆرەیدا چپاند!
ناونیشانتم بۆ درەخت هەڵ دا
بۆ بەردم باس کردیت
بۆ بام گێڕایتەوە
هەموو سەریان لەقاند
هەموو دەیانناسیت
هەموو ناویان بیستبووی
هەموو ئاو زایە دەمیان
هەموو یادگارێکی خۆشیان لەگەڵت هەبوو
ڕازێک لە نێوانتاندا بوو
نهێنییەکی تایبەتتان لەگەڵ یەکدا هەبوو
بەڵێنێکی مناڵانەتان بە یەک دابوو
سوێندێکی خۆشتان بۆ یەک خواردبوو
قسەیەکی کۆنتان
بە زمانێکی نوێ
لە بەیندا بوو
هەموو بە حەسرەتەوە
بە تاسووقەوە
بە تامەزرۆییەوە
سەریان با دەدا و
زمانیان بە لێویاندا دەهێنا و
دەیان گووت:
ئاهـ … وا نەڵێی
ئاو دەزایە دەمیان و
دەیان وت:
ئاهـ…
چۆن… لە کوێ… کەی؟
هەر بەڕاست… بەڕاست!