پەخشان عەبدولڕەحمان | (١٩٩٣ - )
November 26, 2025
پەخشان عبدولڕەحمان، ساڵی ١٩٩٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە. مامۆستای زانکۆ و توێژەرە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە. فەرموون یەکەمین دەقی پەخشان لە ماڵپەڕی باڵندە بخوێننەوە.
پەخشان عەبدولڕەحمان
پێش ناسین
کەشەکە سارد بوو
دەکرێ وەک چیرۆکێک بارانیشی بۆ زیاد بکەین
کەواتە کەشەکە سارد و باراناوی بوو
دەنگێک دوور لە هەمووان باسی مەیدانی جەنگی دەکرد
هۆڵەکە بێدەنگ بوو
ئەمە وەک شانۆیەک دەتوانین بیگێڕینەوە
تەنیا ئەو بوو هەر جارێک سەنگەرەکەی دەگواستەوە
ئێمەش هەموو لەدوای ئەوەوە دەبا هەست بە نزیکی دوژمن بکەین
هۆڵەکە گۆڕابوو بۆ مەیدانی جەنگ
پێی وابوو باوەڕ دەتوانێ هەموو شتێک بخولقێنێ
لەگەڵ هەر هەڵچوون و داچونێکی
کۆترەکانی ئەو دیوو پەنجەرە دوورتر هەڵدەفڕین
ئێمە دەمانتوانی گریمانەی کۆترەکان بکەین بە باڵی خوێناوییەوە
تەنانەت هەندێکمان بە پێکەنینەوە هۆڵەکە جێبهێڵین
دوایش پشت بکەینە مەیدانەکە بۆ ئەو
دوایی بینیمان
تەنیا و دوورەپەرێز لە هەریەکەمان ڕادەما
ئێستا بێدەنگ بوو، ئێمەش هەروەها
ئێمە دووژمن نەبووین
تەنانەت براوەش نەبووین
ناسین
پێدەکەنی
ئێمەش لەدوایەوە قاقا
تەنیا شتێک کە لێی دەترساین
کەس دڵنیا نەبوو لە نوکتەیەکییەوە نەکەوینەوە ناو مەیدانێکی دیکەی جەنگەکانی
بێگومان ئێستا سەیری کەسمانی نەدەکرد
ئەگەر ڕاستگۆتربم
ڕەنگە هیچ کات سەیری نەکردبێتین
ئەو ڕۆژانە ئاسان بوو لەبارەی هەرشتێکەوە دواباین
بێئەوەی کەسمان سەرنجمان لەشوێنێک جێبمێنێ
ئەگەرچی هەوڵمان دا شوێنەواری جەنگەکە لەبیرکەین
بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆدەبووینەوە
ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین
ئەویش جەنگەکان
دوای ناسین
دەرگای هۆڵەکە داخرابوو
شانۆکە گەشتبوویە کۆتایی
هیچ چەپڵەیەکیش نەبوو بۆ کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو
کورسییەکان وەک لە چاوەڕوانی تەرمێکدا بن وابوون
درەختەکان بەهۆی گەرمی زۆرەوە یا هەر هۆکارێکی دیکە
لە گەشە وەستابوون، تەنانەت سەوزبوونیش
ئێمە کەی بێرە گەیشتین؟
قسەکانمان گۆڕابوون بۆ هیواخواستن بۆ یەکتر
ئایا دەکرا دووبارە خۆمان بە یەکتر بناسێنینەوە؟
پاشان بەڕوویەکی بەخەندەوە لەبارەی سەرماوە قسە بکەین؟
یا لەبارەی گەمژەیی هاوڕێیەک و سودەکانی خواردنەوەی چا بەبێ شەکر
بەئەگەری زۆرەوە هیچ دەرگایەکمان بەکراوەیی جێ نەهێشتبوو
پاش ئەوەی چاوەکانت لە ئاست هەموو شتێک داخستبوون
ئێستا هەست دەکەم جەنگەکە بەشێكە لە هەریەکەمان
بەڵام ئێستا کە باشتر ئاشنای یەکین بێدەنگترین
وەک ڕێزێکیش بۆ ئەو نزیکییە خەریکە دووردەکەوینەوە.