ئالن گینسبێرگ، شاعیری ئەمەریکی، لە ٣ـی جوونی ١٩٢٦ـدا لە نیوئارک، نیوجێرسی، ئەمەریکا لە دایک بووە. لە پێنجی ئەپڕێڵی ١٩٩٧ـدا لە نیویۆرک کۆچی دواییی کردووە. ئەو بە شیعری “لوورە” ناسراوە. لەگەڵ جاک کێرواک و ویلیەم بارۆزدا لە بنیادنەرانی بەرەی بیتن. ئالن شاعیر و چالاکوانێکی سیاسی بوو، لە شەستەکاندا لە ناڕەزایی و چالاکییەکانی دژ بە جەنگی ڤێتنامدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. ئەو لە پێوەند بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی مافی هاوڕەگەزخوازەکانیشدا چالاک بوو. – باڵندە
سوپەرمارکێتێک لە کالیفۆرنیا
ئالن گینسبێرگ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەشید مەحموود
چ بیرۆکەگەلێکم لە بارەی تۆوە هەن ئەمشەو واڵت ویتمان*، کە بە توولەڕێیەکاندا دەڕۆیشتم، بە ئاگا و سەرئێشەوە، بەژێر درەختەکاندا سەیری مانگی چواردەم دەکرد.
بە برسییەتی و ماندوویەتییەوە بە دوای وێنەکاندا دەگەڕام، ڕۆیشتمە سوپەرمارکێتێکی ڕووناک بە نیۆن، خەونم بە لیستەکانتەوە دەبینی.
چ قۆخێک، چ نیمچەسێبەرێک! گشت خێزانەکان لە شەودا بازاڕ دەکەن. ڕاڕەوەکە پڕە لە مێرد. ژنەکان لەنێو ئەڤۆکادۆ و منداڵەکان لەنێو تەماتەکاندان. تۆیش ئەی گارسیا لۆرکا چیت دەکرد لای ئەو شووتییانەوە.
تۆم بینی واڵت ویتمان، بێ منداڵ، تەنیا و پیر، لەنێو گۆشتی نێو بەفرگرەکەدا دەگەڕایت و چاودێریی کوڕە میوەفرۆشەکانت دەکرد.
گوێم لێت بوو پرسیارت لە هەر یەکێکیان دەکرد: کێ پارچەگۆشتی بەرازی کوشتووە؟ مۆز بە چەندە؟ ئایا تۆ فریشتەی منیت؟
لە ناو و دەرەوەی ڕەفەی ڕووناکی قوتووەکانەوە دوای تۆ کەوتبووم و لە خەیاڵیشمدا کارمەندی نهێنیی سوپەرمارکێتەکە بە دوای من.
بە درێژاییی ڕاڕەوە کراوەکە هەنگاوی خێرامان دەنا، تارمایییە تەنیاکانمان تامی ڕووەکە دڕکاوییەکەیان (artichokes) ** دەکرد، دەستمان بەسەر خواردنە خۆشە بەستووەکاندا گرت و هەرگیز بە لای کاشێرەکەدا تێنەپەڕیین.
بۆ کوێ بڕۆین واڵت ویتمان؟ دوای کاتژمێرێکی تر دەرگاکان دادەخرێن. ڕیشەکەت بۆ کام ڕێگا ئاراستەمان دەکات ئەمشەو؟
(دەست لە کتێبەکەت دەدەم، خەون بە ئۆدیسێیەکەمانەوە دەبینم لە سوپەرمارکێتەکە و هەست بە پووچی دەکەم.)
بە درێژاییی شەو بە شەقامە چۆڵەکاندا پیاسە بکەین؟ درەختەکان سێبەر دوای سێبەر زیاد دەکەن. ڕووناکیی ماڵەکان کوژاونەتەوە، هەردووکمان تەنیا دەبین.
بە دەم ڕێکردنەوە خەون بە ئەمەریکای خۆشەویستی لەدەستچووەوە ببینین، بە درێژاییی ئۆتۆمبێلە شینەکانی سەر ڕێگا، لە گەڕانەوەماندا بۆ کووخە بێدەنگەکەمان؟
ئای باوکی خۆشەویستم، ڕیشخۆڵەمێشییەکە، مامۆستا ئازا و پیرە تەنیاکە؛ چ ئەمەریکایەکت هەبوو کاتێک خاروون٭٭٭ لە سەوڵلێدان وەستا و تۆیش چوویتە دەرەوە جگەرە بکێشیت، سەیری گەمێیەکەیت دەکرد کە لەنێو ڕووباری ڕەشی لەبیرچوونەوەدا ون دەبوو؟
بێرکلی ١٩٥٥
پەراوێز
٭واڵت ویتمان: شاعیرێکی ئەمەریکییە (1819-1892)
٭٭ artichokes ڕووەکێکی دڕکاوییە.
٭٭٭ خاروون: ئەفسانەیەکی یۆنانییە.