ئاوازەکانی جەستەت

بڵند ئێزەدی

بڵند ئێزەدی

September 11, 2023

بڵند ئێزەدی ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە. پێشتر لە ماڵپەڕی باڵندە چەند شیعرێکی تری بڵاو بۆتەوە و ئەمەش نوێترین شیعرێتی.

 

 

 

 

ئاوازەکانی جەستەت
بڵند ئێزەدی

 

 

ئێوارە بوو
وەختێک پەنجەکانم وەکوو کەشتیی کۆلۆنیال
دەستی بۆ سەر هەرێمەکانی جەستەت درێژ کرد
پەنجەکانم تۆ ناناسن
وەکوو چۆن کۆلۆنیالیش
ئەوانەی هێزیان سەپاند
کاتژمێرەکانی ئەستێرەیان،
بەرەو نادیار تەی دەکرد.
پەنجەکانم کە وەکوو کەشتیی کۆلۆنیالن
هیچ دەربارەی جەستەت نازانن
کەچی گوژمیان بۆ جەستەت خواردبوو.
دەمەوێت چیرۆکی دەریاش بگێڕمەوە
ئەوەی لە نێوانی من و تۆدا بوو.
چیرۆکی ئەو دەریایەی
بۆ ئەبەدیەت
نەیتوانی من و تۆ بەیەک بناسێنێت؛
چیرۆکی جیاوازیی ئەو هەرێمە نەخۆشانەی سەرت
کە لێیان تێناگەم.
تۆ دانیشتوویەکی دەشتایی و
منیش داگیرکارێکی نائاشنا بە ناوچەکانی جەستەت.
شەقامێکی پڕ لە ئاپۆڕا لە نیوانماندان
ئەوەی لە نێوانی من و تۆدایە
نێوانی خودا و عارفەکانە،
پێویستە چاوەکانم توند ببەستم
تا نیگام هیچ تابلۆیەک نەبینێ،
تا دەگەم بە تۆ
کەچی ئەمجار منم:
خودا!
ماسیی دەریاکان دەینووسنەوە:
بۆ یەکەمجار خودا عاشقی عاریفەکەی بوو.
شەوەزەنگ بوو،
وەختێک دەمویست پەنجەکانم
کە وەکوو کەشتیی کۆڵۆنیا وان
بخەمە سەر سینگت و بزانم ئاخۆ
لە نێوانی خۆت و خۆتدا
یان لە نێوانی خۆت و درەختەکانتدا
کە بە سۆزی باوکەکانت ئاو دەدرێن
جەستەت چۆن دەڕوانێتە پەنجەکانم،
چۆن تەماشای هێرشی پەنجەکانم دەکات؟
بێرییت یاخوود شوان؟
ژنەخوداوەندیت
یانیش بە سەفەرێکی درێژ
بوویتە عاریفی ئیبراهیم؟
ئاسمانێکی، پڕ لە ژیان و جادوو
یاخوود لەرزۆکێکی مێژوو دەنووسیتەوە؟
بێبەریت لە کوشتنی فریشتەکان و بۆ خۆت فریشتەیت
یانیش سوپاسالاری شارستانییەت بوویت؟

کازیوە بوو،
پەنجەکانم
کە وەکوو کەشتیی کۆلۆنیال وان
چاویان بڕیبووەتە جانتاکەت و
بە دووی نهێنیی داگیرکردنتدا دەگەڕان
نەک نهێنیی خۆت.
لە دواتردا زانیم
چاوەکانت
وەختێک نیگام تێدەپڕن
هیچی دیکە نین
هیچ هەستێکی تێدا نییە،
بەڵکە وەکوو کۆڵۆنیاڵێک
کە لە چاوچنۆکییدا
چاوچنۆکیی کەشفکاری
لێت دەنۆڕن
تەماشام دەکەیت.
چێشتەنگاو بوو
پەنجەکانم،
کە وەکوو کەشتیی کۆلۆنیال بوون
سەراسیمەی دەستەکانت بوون
دەستی چەپی جگەرەبەدەستت
دەلەنگایەوە
سەمای دەکرد و ژنانە بوو،
دەستی ڕاستیشت،
پەنجەکانی لەنێو یەکدا خۆیان دەخواردەوە.
بۆ ئەبەدیەت،
پەنجەکانم
کە وەکوو کەشتیی کۆلۆنیال
گوژمی بۆ جەستەت دەهێنا،
کەوتە سەما
سەما بە ئاوازی نەزانراوی جەستەت.