دەستپێک

کەیتڵین سیال/شاعیری ئەمەریکی

August 31, 2019

کەیتڵین سیال لە نەوەی تازەی شاعیرانی ئەمەریکایە. ئیدیتۆرە و چەند کتێبێکی هەیە. لەوانە: ئەوەی ئێمە ناشتمان و گرینۆک. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

دەستپێك
کەیتڵین سیال
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دالیا ڕەووف

 

 

 

لەناو جەهەننەم ڕایکێشە دەرەوە

بەو هیوایەی ئەو بۆنەکەی لە بیر دەکات

دەبوو ئەو فریشتەیەک بوایە

بەڵام لەو ڕووناکییەیان برد و  گۆڕییان بۆ شتێکی برسی

شتێک کە نازانێ چی لە دەستەکانی بکات کاتێ نالەرزن

زۆر شت لە دەست دەدات و تۆ بینەری هەمووی دەبیت

چونکە ئەو لە یەکەمەوە هیی تۆ بووە

واز لە ملی دنیا دەهێنیت تا بشکێت ئەگەر ئەمە مانای مانەوەی ئەو بێت

خوێنی سەر چەناگەی بسڕە و وا دابنێ تێدەگەیت

لەناو خۆتدا دووبارەی بکەوە

دەستبەردارت نابم، دەستبەردارت نابم هەتا خەو دەتباتەوە و

خەون بە شوێنێکەوە دەبینی کە (سوور)ی تێدا نییە

کەی دڕندەیەک دڕندە نابێت؟

کاتێک خۆشت دەوێت

گۆرانی بۆ دەچڕی تا خەو بیباتەوە

پانتاییی دەستەکانی پێ ببەخشە و ببینە چۆن  نزا دەکات

وەک ئەوەی یەکەم وشەکانی فێر ببێت

لە جەهەننەمێکی تر ڕایکێشە دەرەوە و

بە کامڵی و بەو پارچانەی کە لەسەر زەوی دۆزیوتەته‌وە بیگەڕێنەوە

زۆر شت هەن بۆ لێخۆشبوون، بەڵام تۆ ناتوانی لە بیر بکەیت

کەی دڕندەیەک دڕندە نابێت؟

کاتێک تۆ دەبیتە هۆکاری ئەوەی زۆر بشێوێت

ئەوە پێشنیارە سادەکەی تۆیە

دوورەپەرێزی و دابڕان لەناو کڵێسایەکی چۆڵکراو

ئەو گەڕاوەتەوە تا ڕێگر بێ لە گۆڕانی جیهان و

تۆش خۆشت دەوێت

بەڕاستی خۆشت دەوێت

هەربۆیە ڕێگری دەبیت

پێی بڵێ تۆ هەرگیز نەتزانیوە چی باشترە و

وا خۆت دەربخە کە لە هۆکارەکەشی تێدەگەیت