جەنگی پەرچەکان

شاخەوان ئەحمەد باپیر

شاخەوان ئەحمەد باپیر

December 24, 2023

شاخەوان ئەحمەد باپیر ساڵی ١٩٩٣ لە دیانا، سەر بە قەزای سۆران لەدایکبووە. دەرچووی بەشێ زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی سۆرانە.  تاکوو ئێستا کۆمەڵێک دەقی ئەدەبیی لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و وێبسایتدا بڵاو کردۆتەوە.
 لە ماڵپەڕێ باڵندە نوێترین دەقی شاخەوان بخوێننەوە.

 

جەنگی پەرچەکان
شاخەوان ئەحمەد باپیر

 

 

بە ڕۆحێکی تژی لە ئاگر
بۆ زەوییەکی شکۆمەند
شەونخون بووم
بەهێڵی گەرمی وەتەرەکانی سرووشدا چووم،
پێچە تەنگەکانی ژیان ئاوەژوویان کردم.

لەو کاتەوەی هابیل هەوری ڕەشی لە کۆڵ نا
ژیان گڕی گرت و
سێبەرەکان کون کون بوون.

لەبن ڕێگەی شاخێکی نیشتمان
بایەک زەردەخەنەی نەکرد،
ڕنییە بەردێک
ونی کردم.

لە زەویی ئادەمدا
ژیان بەرێکی ناسکی نەبوو،
ئەڤین بەری توتن دەدا و
لە دووکەڵدا لوولدراوم.

بە شیعری ڕەونەقدار
بۆ ئازادی
لەسەر پەڕەی هەڵبژاردن
هەڵمان بژارد
کولتووری دەستی دوو.

هەمیشە
خەونم دەدیت
ڕووبارێک ئارامم بکاتەوە،
ئاو بوو بە سیکۆتین
باخچەکانی گۆڵف وشکیان کرد

لە چادرەکانی دارستان
ئۆکسجینمان هەڵدەمژی،
شەپۆلی دووکەڵی نەوت و گاز
ڕووڕەشی کردین.

لە گوێسەبانەی یادەکاندا
کەشفی ڕابردووم دەکرد
کەوتمە ناو باولی ژێرزەمین،
بە زەبر و زەرگە ڕۆحەکانیان ئەشکەنجە دەدران.

بە دەمارەکانی مێژوومدا چوومەوە
لە ئوور ئاهەنگی تەممووزمان دەگێڕا،
بە جادووەکان
لە ڕاکێشانی میلی تیرکەوانەکاندا
هەنگوینمان لێ دەتکا
خڕخاڵەکان ئاوازی ژیانیان دەدا،
لم دەهری بوو لە سەماکان
نوقمی کردین.

لەسەر هێڵی خێراترین شەمەندەفەر وەستام
بۆ ماڵێکی دوو ژووری
پەناگەیەک بە ڕوومدا نەکرایەوە.

جەستە بازگەیەکی شل بوو
خەون و
خەبەر و
ڤایرۆسی نوێی مرۆڤ
بە ناوی خۆشەویستییەوە سنووری بڕی
بەقەد کونە قەلێک شوێن نەما بۆ خۆشەویستی
دەهری بووم لە ژیان،
مردنم دەخوازم.

تامەزرۆ بووم، هەرگیز پێکەنینەکەم لەدەست نەدەم و
بەیانییەک خۆر هەڵبێت
کازیوە زەردەخەنە بکات،
کەچی!
سروە گومڕا بوو
خوێن شکۆفەی کرد

دڵ یادگاریی دەردا
ژوان و دیاریی پاڵاوتن
بە دەماری
سەردەمەکاندا ڕۆیشت،
خوێن لەسەر بەردەکانی جەنگ دەمەیی.

خەونم دەدیت
لە وەڵاتی چیا و زەویی ڕووبارەکان
لە تەمای باوەشێک
هەموو شەوگارمان تەنیا نەبێت و
بە گوڵ و خۆشەویستی
ئازاد بین،
کەچی!
بە هوتاف و خوێن
خێڵ و ئایین
گەمارۆدراینەوە،
بێزاری ڕژا …

بە بازنەی خەم و
شکستی شۆڕش و
نادادی مرۆڤەکان
بێزار بووم
بێزار
لە ئەڤینی بێڕۆح
خەونی نەگەیشتوو،
داهاتووی نادیار
بوونی بێبیر.

بە زریانە خەمگینیەکان
گومڕا بووم لە خوڕافە و
سیمای ئامۆژگارییەکان،
لە زەینی بوونیش دەهری بووم
د
ە
ھـــ
ر
ی
بە گرێ چڕەکان و
هیوا پڕ کۆسپەکان
لە دەهریبوون هیوابڕ بووم

لەم جەنگەمدا
هیوا چک بوو
ئەسپی تاودراو هەڵدێرا
تاسەی پەرچەکان ڕمڕێژ بوون
لە جەنگی پەرچەکاندا
خنکام.