چارلس بوکۆوسکی، شاعیر و چیرۆکنووسی ئەمەریکی، لە ١٦ـی ئۆگەستی ١٩٢٠ـدا لە شاری ئاندرناخی ئەڵمانیا لە دایک بووە. لە ڕۆژی ٩ـی مارسی ١٩٩٤ـدا لە لۆس ئەنجیلێس کۆچی دواییی کردووە. نووسینەکانی ئەو بە تەواوی پەیوەست بوون بە فەزای ئەوکاتی لۆس ئەنجیلێسەوە. بە هەزاران شیعر، سەدان چیرۆک، شەش ڕۆمان و زیاد لە پەنجا کتێبی چاپ و بڵاو کردەوە. لە نووسینەکانیدا بایەخ بە زمانێکی بازاڕیی ڕووت و بێئارایشت دەدات. لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە: هەوڵ مەدە. – ماڵپەڕی باڵندە
دۆزەخ شوێنێکی تەنیایە
چارلس بوکۆوسکی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شەماڵ وەلی
خۆی ٦٥ بوو؛ ژنەکەشی
٦٦ و ئالزەھایمەری ھەبوو
خۆی شێرپەنجەی دەمی ھەبوو
نەشتەرگەری لە دوای
نەشتەرگەری؛ چارەسەری تیشک
ئێسکەکانی شەویلگەی وێران کردبوو و
بە تەل قایم کرابوونەوە
ھەموو ڕۆژێک
وەک مەلۆتکە
دایبیی بە ژنەکەی
ھەڵدەگرت
بەو حاڵەوە نەیدەتوانی
ئوتومبێل لێ بخوڕێت، دەبوو
بە تەکسی بڕوات بۆ نەخۆشخانە
بە ئاستەم قسەی پێ دەکرا
دەبوو ئامانجی گەشتەکەی
لەسەر کاغەزێک
بنووسێت.
لە دواھەمین سەردانیدا
پێیان گوت
دەبێت نەشتەرگەرییەکی تر
بکات؛ کەمێکی تر
ڕوومەتی چەپی
کەمێکی تر زمانی.
کە ھاتەوە ماڵ
دایبیی لە ژنەکەی
گۆڕی، دوو ژەمی
ئامادەی خستە
فڕنەوە، سەیری ھەواڵەکانی
ئێوارەی کرد.
پاشان ڕۆیشتە
ژووری نووستنەکە،
مسەدەسەکەی ھێنا،
لوولەکەی خستە
سەر لاجانگی ژنەکەی و
پەنجەی پێدا نا.
ژنەکەی بە چەپدا کەوت
خۆی لەسەر قەنەفەکە
دانیشت، لوولەکەی
خستە دەمییەوە،
پەنجەی پێدا نا.
دراوسێکان ھەستیان
بە تەقەکان نەکرد –
بەڵام دواتر
خواردنە سووتاوەکە.
یەکێک ھات، دەرگاکەی
کردەوە، بینیی.
زوو پۆلیس
گەیشت، ئیشی خۆی
کرد، چەند شتێکی دۆزییەوە:
ھەژمارێکی بانکیی تەوفیری
ھەڵوەشێنراوە،
کەشفێکی بانک کە
یەک دۆلار و ١٤ سەنتی لەسەر مابوو.
خۆکوژی –
ئەمەیان لێ خوێندەوە.
پاش سێ حەفتە
دوو کرێچیی نوێ
ھاتنە ناوی.
ئەندازیارێکی
کۆمپیوتەری بە ناوی
ڕۆسەوە و
ئەناتانای
ژنی
کە کۆرسی
بالێتی دەکرد.
ھەڵبەت
ژنومێردێکی کۆششکار
وەک زۆرێک.