لەگەڵ هەموو کەسدا تەنیا

چارلس بوکۆوسکی/شاعیری ئەمەریکی

July 3, 2022

چارلس بوكۆوسكی، شاعیر و چیرۆكنووسی ئەمەریكی، لە ١٦ـی ئۆگەستی ١٩٢٠ لە شاری ئاندرناخی ئەڵمانیا لە دایك بووە. لە ٩ـی مارسی ١٩٩٤ لە لۆس ئەنجڵس كۆچی دواییی كردووە. نووسینەكانی بە تەواوی پەیوەست بوون بە فەزای ئەوكاتی لۆس ئەنجڵس و ژیانی خۆیەوە. بە هەزاران شیعر، سەدان چیرۆك، شەش ڕۆمان و زیاد لە پەنجا كتێبی بڵاو كردەوە. نووسینەكانی هەڵگری زمانێكی ڕۆژانەیی، بازاڕی و بێئارایشتن. لەسەر گۆڕەكەی نووسراوە، هەوڵ مەدە.- ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

لەگەڵ هەموو کەسدا تەنیا
چارلس بوکۆوسکی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

 

 

گۆشتەکە ئێسقانەکە دادەپۆشێت
مێشکێکیشیان ئاخنیوەتە ناوی
هەندێک جاریش ڕۆح.
ژنەکان ئینجانەکان لە دیوارەکاندا دەشکێنن
پیاوەکانیش بەردەوام سەرخۆش
هیچ کەسێکیش یارەکەی نادۆزێتەوە
بەڵام بەردەوام
بە گاگۆڵکێ ناو و دەرەوەی
جێخەوەکان دەگەڕێت.
گۆشت ئێسقان دادەپۆشێت و
گۆشت بۆ شتێکی زیاتر لە گۆشت
دەگەڕێت.

 

بە هیچ جۆرێک
هیچ هەڵکەوتێک بوونی نییە:
ئێمە هەموو لەناو
قەدەرێکدا گیرمان خواردووە،
قەدەری تەنیایی.

 

هیچ کەسێک
بە یارەکەی ناگات.

 

کەلاوەکانی شار پڕ
زبڵدانەکانی شار پڕ
شێتخانەکانی شار پڕ
نەخۆشخانەکان پڕ
گۆڕستانەکان پڕ

 

هیچ شتێکی دیکە
پڕ نییە.