من لەگەڵ خانمێک و چوار پشیلە

چارلس بوکۆوسکی/شاعیری ئەمەریکی

May 2, 2022

چارلس بوكۆوسكی، شاعیر و چیرۆكنووسی ئەمەریكی، لە ١٦ـی ئۆگەستی ١٩٢٠ لە شاری ئاندرناخی ئەڵمانیا لە دایك بووە. لە ٩ـی مارسی ١٩٩٤ لە لۆس ئەنجڵس كۆچی دواییی كردووە. نووسینەكانی بە تەواوی پەیوەست بوون بە فەزای ئەوكاتی لۆس ئەنجڵس و ژیانی خۆیەوە. بە هەزاران شیعر، سەدان چیرۆك، شەش ڕۆمان و زیاد لە پەنجا كتێبی بڵاو كردەوە. نووسینەكانی هەڵگری زمانێكی ڕۆژانەیی، بازاڕی و بێئارایشتن. لەسەر گۆڕەكەی نووسراوە، هەوڵ مەدە.- ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

 

من لەگەڵ خانمێك و چوار پشیلە
چارلس بوكۆوسكی
(دوو شیعر)
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: بەھجەت حەسەن

 

 

 

 

 

 

 

من لەگەڵ خانمێك و چوار پشیلە دەژیم،
ھەندێك ڕۆژ ھەموومان لەگەڵ یەكتری دەگونجێین.
ھەندێك ڕۆژ، لەگەڵ یەكێك لە پشیلەكان تووشی بێزاری و كێشە دەبم.
ڕۆژانی تر، لەگەڵ دوو لە پشیلەكان تووشی كێشە و بێزاری دەبم.
ھەندێك ڕۆژ، لەگەڵ سێ لە پشیلەكان تووشی ھەمان بەزم دەبم.
ھەندێك ڕۆژیش، لەگەڵ ھەر چواریان!
ھەروەھا خانمەكەیش:
دە چاو نیگام دەكەن
وەك ئەوەی من سەگ بم.

 

 

 

 

شەقاوی گەورە

من و نۆرمان كاتێك تەمەنمان نۆزدە ساڵ بوو، شەوان بە شەقاوی گەورە، بە شەقامەكاندا دەسووڕاینەوە…
ھەستی گەنجانە، جوان، گەورە و نازدار.
نۆرمان گوتی: “بە پێغەمبەر عیسا قەسەم، ھیچ كەس وەك ئێمە بەم دزێوییەوە ھەنگاوی گەورە نانێ، وەك ئەوەی ئێمە دەیكەین!”
ساڵی ١٩٣٩
دوای ئەوەی گوێمان لە ستراڤینسكی* بوو
ماوەیەكی درێژ نەبوو،
جەنگ ھات و نۆرمانی برد.
ئێستە، چلوشەش ساڵ دواتر
لێرە، لە بەرەبەیانییەكی گەرمدا، لە نھۆمی دووەم دانیشتووم.
خواردمەوە
بە گەورەیی ماومەتەوە
بەڵام زۆر گەنج نا.
نۆرمان، تۆ ھەرگیز ناتوانی ئەوە بخەمڵێنی،
كە بۆ من چی ڕووی دا،
بۆ ھەموومان چی ڕووی دا.
ئەوەم لە بیرە كە دەتگوت: “درووستی بكە یان بیشكێنە. ”
ھیچ ڕووی نەدا و
ئەمیش نەیویست.

 

 

 

 

 

 

 

*ئیگۆر فیۆدۆرۆڤیچ ستراڤینسكی، ئاوازدانەر و پیانۆژەنێكی ڕووسیایی بووە. لە ساڵی ١٨٨٢ دێتە دونیا و لە ساڵی ١٩٧١ دەمرێ.