سه‌لامه‌ت

November 13, 2018

 

بۆ ئه‌وه‌ی چێژ له‌ بوکۆوسکی وه‌ربگریت، پێویستت به‌ چاوێکی دیکه‌یه‌، که‌ بتوانێت له‌و جه‌نجاڵه‌ی ژیانی و ئه‌ده‌بیاته‌که‌یدا، شیعره‌ جوانه‌کانی بدۆزیته‌وه‌ و له‌ کاتی خوێندنه‌وه‌یدا جیهانی پڕۆپاگه‌نده‌ کارت تێ نه‌کات. ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌و شیعرانه‌ی، که‌ سه‌رنجێکی ئه‌وتۆ ده‌خاته‌ سه‌ر ڕه‌وتی ڕۆژانه‌ی ژیانمان و ڕه‌خنه‌ی ده‌کات. ئه‌وه‌ی تا نزیک به‌ کۆتاییی شیعره‌که‌ ده‌یڵێت، هه‌موان ده‌زانین و درک به‌و خه‌مه‌ و ئه‌و تووڕه‌یییه‌ی بوکیش ده‌که‌ین، لێ دێڕی کۆتاییی شیعره‌که‌، بوکۆوسکیی ڕاسته‌قینه‌ ده‌رده‌که‌وێت؛ شاعیر، سه‌رنج‌ورد و خه‌مگین. – ماڵپه‌ڕی باڵنده‌

 

 

سه‌لامه‌ت
چارلز بوکۆوسکی
وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ڕه‌وا هه‌ژار

 

 

ماڵه‌که‌ی دراوسێمان پڕی کردووم له‌ جه‌خار

پیاوه‌که‌ و ژنه‌که‌ش سپێده‌یه‌کی زوو ده‌ڕۆن بۆ کار

ئێواره‌یه‌کی زوو دێنه‌وه‌.

کوڕێک و کچێکی لاویان هه‌یه‌.

نۆی شه‌و هه‌موو گڵۆپه‌کانیان خامۆشه‌.

به‌یانیی داهاتوو پیاوه‌که‌ و ژنه‌که‌ش سپێده‌یه‌کی زوو ده‌ڕۆنەوە بۆ کار

ئێواره‌یه‌کی زوو دێنه‌وه‌

نۆی شه‌و هه‌موو گڵۆپه‌کانیان خامۆشه‌.

ماڵه‌که‌ی دراوسێمان پڕی کردووم له‌ جه‌خار

خه‌ڵکه‌که‌ی ناوی چاکن، خۆشم ده‌وێن

به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م نغرۆ ده‌بن و

منیش ناتوانم ڕزگاریان بکه‌م.

ئه‌وان ده‌یگوزه‌رێنن، بێماڵ نین

به‌ڵام به‌ چ نرخێک؟

ڕۆژانه‌ جارجارێک

سه‌یری خانووه‌که‌ ده‌که‌م

ئه‌ویش سه‌یرم ده‌کاته‌وه‌

خانووه‌که‌ ده‌گری، بڕوا بکه‌ن ده‌گری، من هه‌ستی پێ ده‌که‌م.