دڵت بۆگەن دەکات

دونا غالی/شاعیری عێراقی-دانیمارکی

April 18, 2018


دونا غالی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئالان پەری

 

 

ئایا هاوڕێیەک هەڵدەبژێریت
هاوسەرێک
خانمەهاوڕێیەک
کوڕێک
غەریبێک
دەسکی قەنەفەکە
لە شەوێکی هەینیدا
بۆ ئەوەی گوێ لە ترپەکانی دڵت بگرێت؟

 

یان وەهمەکانت بێدەنگ دەکەیت و
بە تەنیا لەگەڵ مەستبوونی خۆتدا ڕێ دەکەیت
دەگریت و پێدەکەنیت؟

 

کەسێک هەیە لە دەرگا دەدات
زیاد لە جارێک
بە شەق لێی دەدات
زیاد لە جارێک
پەنجەرە و دیوارەکان دەلەرزن و
دیوارەکان
زیاد لە جارێک دەرگاکە دەکرێتەوە
لە بەردەم ڕەشەبادا
بە هەردوو دیودا دەکرێتەوە

 

چ ژمارەیەکی شووم لە شاشەی تەلەفۆنەکەتدا دەردەکەوێت؟
لێ دەگەڕێیت زەنگ لێ بدات
چ ئیمەیڵێکی ساختە
بێ ئەوەی بیکەیتەوە دەیسڕیتەوە
بۆ ئەوەی لە بری ئەو سەد ئیمەڵی فیداکارت بۆ بێت
کام ژن ڕووی خۆتی پێ نادەیت
کام پەڕەی ئەنتەرنێت
کام ڕۆژنامەی کراوەی بەیانیان
کە لەسەر کورسیی شەمەندەفەرەکە ڕاخراوە
بە ئاشکرا فڕێی دەدیتە ئەرزەکە
هەتا هیچوپووچییەکەی شانی ڕاستت قورس بکات
بۆ ئەوەی بە تەنیا دابنیشیت
تا بە دوای مانایەکدا بگەڕێیت و
چاوێکیشت لەسەر پەنجەرەکەیە

 

پشت دەکەیتە کێ؟
لە نێوان چوار دیواردا
لە جیهانێکدا هەموو شتێک
وات لێ دەکات گومان لە خۆت بکەیت؛
کە پشیلەیەک خۆی بە دیوارەکە بسڕێتەوە

 

کە هەر کەسێک ناوێک حونجە بکات
کە خێزانێک، دوو منداڵ و دایکوباوکێک
بۆ گەشتێک بچنە دەرەوە
کە پیرێک بە ڕێگادا بڕوات
کە وڵاتێک سەرقاڵی نووسینی دەستوور بێت
کە گوڵێک لەسەر ڕێگا بڕوێت
بێ ئەوەی پان بکرێتەوە
کە مرۆڤەکان چەقۆیان بە دەست بێت بۆ ئەوەی پیاز بجنن…

 

بە زیندوویی دابەشت دەکەن
دادپەروەرانە پارچەپارچەت دەکەن
قەپانێک خوێنی لێ دەچۆڕێت
بۆ ئەوەی بە تەنیا گوێت لە ئاوازی خۆت بێت
ئاسوودە و شکستانە پاڵت لێ داوەتەوە
تا دواخولەک
بیر دەکەیتەوە: بەوە ڕازییت
دەگریت و پێدەکەنیت
بۆ چەندین جار
دەرگاکە دەکرێتەوە
تۆیش تەنیا تریشقە گەمارۆت دەکات و
ڕەشەبایەک
بۆ چەندین جار بەرزت دەکاتەوە و
بەسەر زەوییەکەدا هەلاهەلات دەکات

 

تاکەنەعلەکەت
لەژێر سەری بڕاوت بێمانا دانراوە
قۆڵی چەپت لە پشت دەرگا لێکراوەکەوە گیری خواردووە
سینگت لە ناوەڕاستەوە کراوەتەوە
نزیکیت لە کیلۆنی دەرگا فڕێدراوەکەوە
دوو پێ بێلاقەکانیان پێکەوەن

 

دڵت لە دوورەوە پەرتەوازە بووە
چیتر گوێڕایەڵیت ناکات
لەسەر ڕەفەکە
بە هێواشی وشک دەبێتەوە