ئەگەر شەیتان نەمهەژێنێت

سروشت نەوزاد

سروشت نەوزاد

December 26, 2023

سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناوی کێڵگەی بەتاڵەوە. لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتی یەکەمی شیعری بردۆتەوە.

 

 

 

ئەگەر شەیتان نەمهەژێنێت
سروشت نەوزاد

 

 

 

 

ئەگەر شەیتان نەمهەژێنێت

 

دەمەوێت ڕێنوێنیم بکەیت
چونکە ئارام و مەنگم.
ئەگەرچی ڕووخسارت ئەوەیە دەیبینم و
هێشتاش وەک غەریبەکان خۆی دەردەخات.
ئەگەر شەیتان نەمهەژێنێت
هیچ دەرفەتێک بۆ هەستانەوەی مردووەکان نییە.
شارەکەشم، ئەوەی بێگومان دەبێت هەر هەینییەک
بەخۆشحاڵییەوە سەرێکی لێ بدەم.
هەرچەندە دوودڵ لەوەی ئەگەر
باوەشێک گوڵ بۆ سەر قەدپاڵی چیاکەی ببەم!
دەزانم گۆڕستانێکی زەبەلاح لەوێ پاڵکەوتووە
هەرجارێک کە دەمبینێت بە حەپەسانەوە
لێم دەڕوانێت.

 

 

 

 

کارەساتی ونبوو

 

‌ئەگەر دووژمن بگات
تەنانەت مردووەکانیش دەرباز نابن
ئەوکات ڕەنگه
بەسەر خۆڵی گۆڕەکەتدا بنووشتێینەوە
دڵنیا لەوەی
وەک ئەوەی وابنوێنین
ئەمە ماڵی شۆڕشگێڕانەی تۆیە.
ئەگەر دووژمن بگات
ڕەنگه ئەوکات شیعرێک بنووسین
وەک کارەساتێک، نەخێر
وەک فیداکارێک بە یادمانت بهێنینەوە
کاتێک دەست بەسەر کێلەکەتدا دەهێنین و
لاشەکەت لە نێوان دێڕەکان وەدەر دەنێین.